گەرمیان .. سکاڵا دژی ھەرکەسێک تۆماردەکرێت لەچاودێریکردنی تووشبووانی کۆرۆنا کەمتەرخەم بێت

  2020-06-22  | 
کەلار
کەلار
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی٦ی٢٠٢٠، دیوانی ئیدارەی گەرمیان کۆبوونەوەیەکی بە مەبەستی ھەڵسەنگاندنی توانای دامەزراوە تەندروستییەکانی سنووری ئیدارەکە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چارەسەرکردنی کێشەکان ئەنجامدا.

کۆبوونەوەکە بە بەشداری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، قایمقامی کەلار، بەڕێوەبەری کاروباری مرۆیی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەلار، بەرپرسی لقی گەرمیانی سەندیکای کارمەندان و ژمارەیەک لە کارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە کۆرۆنا بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا سەڵاح کوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان جەختی لەوەکردەوە، کە بەھیچ جۆرێک ڕێگە بە کەمتەرخەمی لە چاودێری تەندروستی تووشبووانی کۆرۆنادا نادرێت و ھەرکەمتەرخەمێک لەم کەیسەدا لە ڕێی داواکاری گشتیەوە سکاڵای لە دژ دەجوڵێندرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد کە ژیان وسەلامەتی خەڵک ھێڵی سوورە و ئیدارەی گەرمیان بەردەوام بۆ ئەم مەبەستە ئەوپەڕی پشتیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانی کردووە و لەم بوارەشدا ڕێگە بە ھیچ ململانێیەکی نەخوازراوی حیزبی وکەسی نادرێت کە خەڵکی ھەژار و لێقەوماوی تێدا ببێتە قوربانی.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان راشیگەیاند، ناکرێت حکومەت لەم بارودۆخە ناھەموارەدا نەتوانێت مووچەی کارمەندانی بدات و داوای دەوام وئیلتیزامیشیان لێبکات ، بۆیە پێویستە دەستبەجێ لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.



ڕیکلام