نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابەزی

  2021-05-20  | 
دۆسیە:  نەوت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەراورد بە دوێنێ چوارشەممە، ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی داتای بۆرسەکانی جیهان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی ٥ی ٢٠٢١، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بە ٦٦ دۆلار و ٨٦ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هاوکات نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە ٦٣ دۆلار و ٦١ سەنت دیاریکراوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بۆ نزیکەی ٧٠ دۆلار بەرزبووەوە.

شیکەرەوانی دۆخی ئابوری ئاماژە بەوە دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەدا زیاتریش بەرزبێتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر بووە.

لەو چوارچێوەیەشدا چەند ویلایەتێکی ئەمریکا لە ئامادەکاریدان بۆ کەمکردنەوە و سوککردنی کۆتوبەندەکان، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە سەپێنراون، یەکێتی ئەوروپاش لە ئامادەکاریدایە بۆ پێشوازیکردن لەو گەشتیارە بیانیانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بەوپێیەی زۆرینەی داهاتیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.



ڕیکلام