لەسەر ئاشکراکردنی هەواڵی كوژرانی ئەفسەرێكی هەواڵگری لە لیبیا توركیا 7 ڕۆژنامەنووس دادگایی دەكات

  2020-06-24  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دادگای توركیا تۆمەتی ئاراستەی 7 ڕۆژنامەنووسی وڵاتەكەی كردووە، لەسەر بڵاوكردنەوەی هەواڵی كوژرانی ئەفسەرێكی هەواڵگری توركی لە لیبیالە مانگیدووی ئەمساڵدا .

ڕۆژنامەی ستار تریبیۆنی ئەمریكا بڵاویكردەوە ئەو ڕۆژنامەنووسانە ڕوبەڕوی زیندانیكردن دەبنەوە لە نێوان 8 بۆ 19 ساڵ ئەكەر بێتوو دادگا تۆمەتباریان بكات، چونكە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی  نهێنی دەوڵەتیان دراوەتە پاڵ .

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو ڕۆژنامەنووسانە بەزۆری سەر بە هێز و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناوخۆیی توركیان بە تایبەت كوردەكان .

ڕۆژنامە ئەمریكییەكە ئاشكرایكردووە، یەكێك لەوانەش كە تۆمەتی ئاراستەكراوە، فەرمانبەرێكی شارەوانیە، كە ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی ئەفسەرە توركییەكی تێدا بەڕێوە چووە و گوایە زانیارییەكانی داوەتە ڕۆژنامەنووسان

هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە لە مانگی ئازاری ئەمساَڵەوە دستگیر كراون و ئەمڕۆش لە كاتی هێنانی ڕۆژنامەنووسەكان بۆ بەردەم دادگا بە دەیان كەس لە دەرەوەی هۆڵی دادگا كۆببوونەوە بۆ پشتگیریكردن لەو ڕۆژنامەنوسانە .

لە سەرەتای ئەمساڵەوە حكومەتی توركیا هێزی سەربازی خۆی و ئەندامانی دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەی ڕەوانەی لسیبیا كردووە، بۆ هاوكاریكردنی حكومەتەكەی فایز سەراج، هاوكات بە هەزاران چەكداری بەكرێگیراوی لە سوریاوە بۆ لیبیا گواستووەتەوە، بە مەبەستی بەپەرچدانەوەی سوپای نیشتیمانی لیبیا كە خەلیفە حەفتەر سەرۆكایەتی دەكات .