ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق تاوتویی دەستگیرکردنی سەرکردەکەی حەشدی شەعبی دەکات

  2021-05-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، لە دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی عێراقدا تاوتوێی بابەتی دەستگیرکردنی قاسم موسڵح سەرکردە دەستگیرکراوەکەی حەشدی شەعبی دەکریتز

موختار موسەوی پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پشکی پارێزگای نەینەوا لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان ئاشکرایکرد، ئەمرۆ شەممە لە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا، گفتوگۆ دەکرێت لەسەر بابەتی دەستگیرکردنی قاسم موسڵح سەرکردە دەستگیرکراوەکەی حەشدی شەعبی، کە ماوەی چەند ڕۆژێک بەهۆی ئاراستەکردنی تۆمەت لەسەر دۆسیەی تیرۆر، لە لایەن هێزێکی تایبەتەوە دەستبەسەرکراوە.

موسەوی دەستگیرکردنی ئەو پەرلەمانتارەی بە هەڵە لە قەڵەمدا و ئاماژەی بەوەکرد، کردەوەکە بەگوێرەی ڕێوشوێنە ئەمنی و دەستورییەکان نەبووە.

لەو بارەیەوە موسەوی زیاتر ئاماژەی بەوەکرد، ئایا ، ئەحمەد ئەوب رەغیف، فەرماندەی لیژنە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەمان شێواز و ڕێگە دەستگیر بکرێت کە  موسڵحی پێ دەستگیر کراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، قاسم موسڵح فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار لە لایەن هێزێکی تایبەتەوە دەستیگر کراوە و لەو ڕۆژەوەش لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەغدا دەستبەسەرە.

دەستگیرکردنی قاسم موسڵح بووە هۆی ناڕەزاییەکی زۆری حەشدی شەعبی، بەشێوەیەک شەوی ڕابردوو دوای بڵابوونەوەی هەواڵەکە، هێزەکانی حەشدی شەعبی هاتنە سەرشەقام و بەچەکی سوک و مامناوەندییەوە لە نزیکی دەروازەکانی ناوچەی سەوز خۆیان جێگیر کرد، ئەوەش نیگەرانی حکومەتی زیاتر کرد و کازمی ئیدانەی ئەو هەڵوێستەی حەشدی شەعبی کرد و رایگەیاند، دیاردەی چەکداری لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە، پێشێلکارییەکی مەترسیداری دەستوری عێراق و یاسا کارپێکراوەکان، بۆیە لایەنی پەیوەندیدار ڕاسپێردراوە بە گوێرەی یاسا لێکۆڵینەوەی بە پەلە بکەن لەو جموجموڵانە.

ڕۆژی پینجشەممەی ڕابردووداش لە کۆبوونەوەی هەرچوار سەرۆکایەتیەکەی عێراق، جەختکرایەوە لەوەی پێویستە هەڵبژاردن لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو بەڕێوە بچێت، پێشێلکردن و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی دوێنێ، دەستدرێژیە بۆسەر دەسەڵاتی دەوڵەت و پێشێلکاریەیکی ئەمنی و سەربازیی مەترسیدارە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ڕوداوەکانی ئەم دواییە، بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەریی دەبێت لەسەر هەوڵە نیشتیمانییەکان، کە دەدرێت بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی هەیبەتی دەوڵەت و سەروەریکەیی و ئەو پرۆژە نیشتیمانییەی کە گەل پشیتوانیکردووە.



ڕیکلام