ئەفغانستان.. بۆ کوشتنی سەربازانی ئەمریکا روسیا پارەی داوەتە تاڵیبان

  2020-06-27  | 
"بۆ کوشتنی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان روسیا پارەی داوە بە تاڵیبان
رۆیتەرز
ئەفغانستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز رایگەیاند، لەپێناو کوشتنی سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان، روسیا پارەی داوە بە تاڵیبان و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە رێکخراوەکە.

رۆژنامەکە لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکا کە نەیانویستووە ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، بڵاویکردووەتەوە، ساڵی رابردوو یەکەیەکی نهێنی ناو دەزگای هەواڵگری روسیا، بڕەپارەیەکی وەک پاداشت تەرخانکردووە، بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئەمریکا کە ئەفغانستان.

ئاماژەی بەەوەشکردووە، رێکخراوی تاڵیبان و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو رێکخراوەیە، بەشێک لە پاداشتەکەیان وەگرتووە.

راشیگەیاندووە، ئەو یەکە نهێنییەی ناو دەزگای هەواڵگری روسیا دەستیشی لە چەند هێرشی چەکداریدابووە کە لە ئەوروپا ئەنجامدراون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە مانگی ٣ی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ سەروکی ئەمریکا زانیاری لەوبارەیەوە پێگەیشتووە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی ئەمریکا هیچ کاردانەوەیەکی نیشان نەداوە.

رۆژنامەکە ئاشکراشیکردووە، بەشێک لەو زانیاریانە لە دانپێدانانی ئەو چەکدار و تۆمەتبارانەدا بەدەستهاتوون کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و حکومەتی ئەفغانستانەوە دەستگیرکراون.

لای خۆشیەوە باڵیۆزخانەی روسیا لە واشنتن ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و بە بێبنەما و ناڕاست لەقەڵەمیدا.

باڵیۆزخانەی روسیا لە واشنتن لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەوەی نیۆیۆرک تایمز هیچ بەڵگەیەکی نیە بۆ تۆمەت دروستکردن، بۆیە ناچارە چیرۆکی ساختە و ناڕاست دروستبکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو رۆژنامەنوسانەی کە راپۆرتەکەیان ئامادەکردووە، بەباشی ئاگاداری پەیوەندییەکانی روسیا و ئەمریکا نین لە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئەفغانستان و سوریا و کۆریای باکور و ڤەنزوێلا و ئێران.