حكومەتی عێراق هانا بۆ خوێندكارانی كۆلێژە پزیشكییەكان دەبات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا

  2020-06-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق كۆبۆوە و داوای لە خوێندكارانی قۆناغەكانی پێنج و شەشی كۆلێژە پزیشكییەكان كرد بە خۆبەخشی لەو نەخۆشخانانەدا كاربكەن كە تووشبوانی كۆرۆنایان تێدا چارەسەر دەكرێت .

نوسینگەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێرا ق لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردەوە، كازمی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی كردووە و بە تەواوی تەرخانكراوە بۆ تاوتوێكردنی دۆخی كۆرۆنا و ڕێوشوێنەكانی ڕوبەڕوبوونەوەی .

 لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا ستایشی هەوڵ وماندووبوونی پزیشك و كادێرە پزیشكییەكان كراوە، كە هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن بۆ خزمەتكردنی تووشبوانی كۆرۆنا و پاراستنی ئاسایشی تەندروستی كۆمەڵگە .

هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقدا وەزارەتی تەندروستی ڕاسپێردراوە بۆ دەركردنی رێنمایی تایبەت بەو هاوڵاتیانەی سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن و دانانی رٍێوشوێنی پێویست بۆ ئەوەی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا پارێزراو بن .

هاوكات وەزارەتی تەندروستی راسپارد بۆ هەماهەنگی كردن لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بە ئاراستەكردنی داواكاری بۆ ئەو خوێندكارانەی قۆناغەكانی پێنج و شەشی كۆلێژە پزیشكییەكان لەسەرجەم زانكۆكاندا، گەر دەیانەوێت خۆبەخشانە لە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی تووشبوانی كۆرۆنا كاربكەن، بۆ ئەوەی پشیتوانی لە میلاكاتی پزیشكی نەخۆشخانەكان بكەن .

لەو ڕووەوە داواكراوە ئاستی شارەزایی و نمرەكانی خوێندكاران لەبەرچاو بگیرێت وهەموو رێنمایەكی خۆپارێزیان پێ بدرێت، ئەویش لە پێناو سەلامەتیان و پاراستنی كۆمەڵگەش لە مەترسی كۆرۆنا .

   



ڕیکلام