تەندروستی عێراق: 2140 كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون و 96 كەسیش بەهۆیەوە گیانیان لە دەستداوە

  2020-06-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 2140 كەسی دیكەش تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و 96 كەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە لە سەرانسەری وڵاتدا .

بە گوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی تەندروستی عێراق زۆبەی تووشبووەكان لە شاری بەغدایە كە لە ئێستادا بووەتە سەرچاوەیەكی سەرەكی تەشەنەكردنی پەتاكە .

وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە ژمارەی ئەو كەسانەش كە لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا چاكبوونەتەوە و ڕەوانەی ماڵەكانیان كراونەتەوە گەیشتووەتەوە 1184 كەس، لەو ژمارەیەش لە سلێمانی 12 كەس چاكبوونەتەوە و لەهەولێر 22 كەس و لە كەركوك 18 كەس .

تا ئێستا لە عێراق 45 هەزار و 405 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش 21 هەزار و 122 كەس چاكبوونەتەوە و 22 هەزار و 524 كەس لە نەخۆشخانەكاندا ماون .



ڕیکلام