عەبدوڵا گویل باس لە گەورەترین مەترسی دەكات كە ڕوبەڕوی توركیا بووەتەوە

  2020-06-29  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەبدوڵا گویل سەرۆكی پێشووی توركیا بێدەنگی شكاند و رەخنەی توندی ئاراستەی ئەردۆغان كرد و باس لە گەورەترین مەترسی دەكات كە روبەروی توركیا دەبێتەوە .

عەبدوڵا گویل لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی قەراری نزیك لە ئەحمەد داود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی پێشووی توركیا كە لە ئەردۆغان جیابووەتەوە، هێرشی توندی كردە سەر پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار و ئاماژەی بەوەكرد، گەورەترین مەترسی لەسەر توركیا كەڵەكەبوونی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی و پاشەكشەی ئابوریە .

هاوكات ڕەخنەی توندی لە شێوازی ئیدارەدانی وڵات گرت لە لایەن ئەردۆغانەوە و  جەختیكردووە  ئازادییەكان لە توركیا پاشەكشەی كردووە و ئیدارەی دەوڵەت بە شێوەی "حزبی دەوڵەت" یان دەوڵەتی تاك حزبی بەرٍێوە دەبرێت .

چاودێرانی دۆخی توركیا پێیان وایە قسەكردنی گویل لەو ڕۆژنامەیە، ئاماژەیە بۆ یەكسختنی هەوڵەكانی ئۆپۆزسیۆن لە دژی ئەردۆغان .

عەبدوڵا گویل لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2014پۆستی سەرۆكایەتی توركیای بەدەستەوە بووە، لەو كاتە كە یەكێك بوول ە هاوپەیمانە سەرەكییەكانی ئەردۆغان كە ناوبراو سەرۆك وەزیران بووە لەو كاتەدا .

دوای دەستبەكار بوونی ئەردۆغان لە پۆستی سەرۆكایەتی و هەمواركردنی دەستور و فراوانكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك بەشێوەیەكی فراوان، گویل دەستبەرداری كاری سیاسی بوو، كە ئەو كاتو ا لێكدرایەوە گوایە گویل لە شێوازی ئیدارەدانی دەوڵەت لە لایەن ئەردۆغانەوە توڕە بووە .

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا عەبدوڵا گویل بێدەنگی هەڵبژاردووە، تەنها لە هەندێك بۆنەی زۆر تایبەت نەبێت، كە دواترینیان لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بوو، ڕەخنەی توندی گرت لە سیستمی سەرۆكایەتی توركیا و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی .

لە ئێستاشدا ئەحمەد داود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی پێشووی توركیا پارتێكی بە ناوی "موستەقبەل- داهاتوو" دروستكردووە و زۆربەی نەیارە سیاسییە دیارەكانی ئەردۆغانی لە دەوری خۆ كۆكردووەتەوە، كە بەم لێدوانانە پێدەچێت عەبدوڵا گویل یەكێك بێت لەوانە .

ماوەیەك لەمەوبەریش عەلی بابەجان وەزیری دارایی پێشووی توركیا بەهەمان شێوە پارتێكی دروستكرد بە ناوی " دیموكراسیەت و پێشكەوتن" و بەڵێنی دا بە گێڕانەوەی دیموكراسیەت بۆ توركیا، كە پێی وایە لەسەردەمی ئەردۆغاندا دووچاری پاشەكشەی تەواو بووە .

بەگوێرەی ئەو ڕاپرسیانەی كە لەم دواییانەدا ئەنجامدراوە، ئاستی جەماوەری پارتی داد وگەشەپێدان لە  پاشەكشەدایە،ئەوەش هەلی بۆ پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان دروستكردووە كاریگەرییان هەبێت لەسەر هەڵبژاردنەكانی داهاتوو .