ئینتەرپوڵ داواکاری ئێران بۆ دەستگیکردنی دۆناڵد ترەمپ رەتدەکاتەوە

  2020-06-29  | 
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
ئەرشیڤ
واشنتن
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پولیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپوڵ) داواکاری دەسەڵاتی دادوەری ئێران بۆ دەستگیرکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رەتدەکاتەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی ئینتەرپوڵ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هیچ داواکارییەکی ئێران سەبارەت بە کەیسی کوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران وەرناگرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی یاساکانیان، ئینتەرپوڵ دەست وەرنادەتە هیچ چالاکییەک کە ناوەرۆکی سیاسی، سەربازی، ئاینیی یاخود رەگەزپەرستی هەبێت.

ئەم بەیاننامەی نوسینگەی راگەیاندنی ئینتەرپوڵ دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی٦ی٢٠٢٠، عەلی ئەلقاسی مێهر داواكاری گشتی تاران رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی قاسم سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ و 35 كەسایەتی سیاسی و سەربازی ئەمریكا و دەولەتانی دیكەش دەركردووە .

ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ یەكەمی ئەو لیستەیە كە لە ڕێگەی دادگاوە هەوڵی دەستگیركردنیان دەدەن، تەنانەت دوای كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتیەكەشی .

داواكاری گشتی تاران راشیگەیاند، توانراوە 36 كەسایەتی بناسرێنەوە كە پەیوەندیی راستەوخۆیان هەبووە بە كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، كە ژمارەیەكیان سەركردەی سیاسی و سەربازی ئەمریكا و وڵاتانی دیكەشن .

لەسەرەتای مانگی كانووی دووەمی رابردوودا و لە نزیك فرۆكەخانەی بەغدا، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی كردە ئامانج و كوژران .