ئیمانۆئیل ماكرۆن: پێویستە توركیا بەرپرسیارێتی مێژوویی و تاوانكاری لە لیبیادا لەئەستۆ بگرێت

  2020-06-30  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیمانوئیل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەڕەنسا هێرشی توندی كردە سەر توركی، لە پای ئەو سیاسەتانەی لە لیبیادا پیادەی دەكات .

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە ئەڵمانیا ماكرۆن ڕایگەیاند، پێویستە توركیا بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی و تاوانكاری لە ئەستۆ بگرێ تلە ململانێی ناوخۆیی لیبیادا .

سەرۆك كۆماری فەڕەنسا لەوبارەیەوە وتی "لەم قۆناغەدا پێویستمان بە ڕونكردنەوەی سیاسەتی توركی لە لیبیادا، كە بەلای ئێمەوە قبوڵنەكراوە و ڕەتی دەكەینەوە ".

سەرۆكی فەڕەنسا تۆمەتی ئەوەشی خستە پاڵ توركیا كە یەكەم لایەنی دەرەكییە دەستوەردان لە لیبیادا دەكات، ئەنكەرەشی تۆمەتبار كرد بەوەی كە پابەندی هیچ لەبەندەكانی كۆنگرەی بەرلین نەبووە، بە تایبەت كاتێك هێز و سوپای خۆی ڕەوانەی لیبیا كرد و چەكدارە توندڕەوە ئیسلامییەكانی لە سوریاوە ڕەوانەی ئەو وڵاتە كرد .

سەبارەت بە هەڵویستی فەڕەنساش ماكرۆن ئاماژەی بەوەكرد، دەبێت سنورێك بۆ ئەو بیرۆكە هەڵەیە دابنرێت كە دەگوترێت حكومەتی پاریس پشیتوانی لە سوپای نیشتیمانی لیبیا دەكات بە سەرۆكایەتی خەلیفە حەفتەر، بە پێچەوانەوە فەڕەنسا لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتیانەی ریشەیی و بەردەوامە لە لیبیادا .

ئەو تۆمەتباركردنە نوێیانەی فەڕەنسا لە دژی توركیا لە كاتێكدایە، ماوەی چەند مانگێكە ناكۆكی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەنكەرە و پاریس بەرەو تەشەنەكردنی زیاتری دەڕوات، بە تایبەت سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی لیبیا و كۆمەكە بەردەوامەكانی توركیا بۆ حكومەتی ویفاقی نیشتیمانی لیبیا.