ناوەندی رێكخراوەكانی گەرمیان: پێویستە حكومەت وەك ناوچەیەكی كارەساتبار مامەڵە لەگەڵ گەرمیان بكات

  2020-06-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ناوەندی رێكخراوەكانی گەرمیان داوادەكات بەرپرسانی تەندروستی گەرمیان لەكارەكانیان دوور بخرێنەوە و هەرچی زووە حكومەتی هەرێم وەك ناوچەیەكی كارەساتبار مامەڵە لەگەڵ گەرمیان بكات.

ناوەندی كاری هاوبەشی رێكخراوەكانی گەرمیان راگەیەندراوێكی لەبارەی دۆخی تەندروستی ئیدارەی گەرمیان بڵاوكردەوە و تیایدا هۆشداری دەدات لە خراپی دۆخی تەندروستی ئەو ئیدارەیە.

لەو راگەیەەندراوەدا ناوەندی كاری هاوبەشی رێكخراوەكانی گەرمیان باسیان لەوە كردووە كەرتی تەندروستی گەرمیان تەواو وێرانە و رەخنە لە كارەكانی بەڕێَوەبەری تەندروستی گرەمیان بەڕێَوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا دەگرن لەكارەكانیان لە ماوەی رابردوودا.

ئەوان چەند داواكاریەكی بەپەلەیان خستووەتە روو كە تیادا داوا دەكەن هەرچی زووە بەڕێَوەبەری تەندروستی گەرمیان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی كەلار لەكارەكەیان دوور بخرێنەوە و داواكاری گشتی لەبەرامبەر سكاڵای یاسایی لەبەرامبەر ئەو بەرپرسانە بجوڵێن كە كەمتەرخەم بوون.

هاوكات داواش دەكەن ململانێی حزبایەتی لە نێوان یەكێتی و گۆڕان لە كەرتی تەندروستیدا كۆتایی پێبهێندرێت و كادرە بێ توانا نەشارەزاكان دوور بخرێنەوە كە بەو هۆیەوە چونەتە پێشەوە.

ئەوان داوای ئەوەشیان كردووە حكومەتی هەرێم وەك ناوچەیەكی كارەساتبار مامەڵە لەگەڵ گەرمیان بكات، بەهۆی ئەوەی ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی بە كۆرۆنا لە هەموو كوردستان زۆرترە بەڵام خزمەتگوزاریە تەندروستیەكانیشی لە هەموو شوێنەكانی دیكە خراپترە.

لە گەرمیان تا ئێستا 772 تووشبووی كۆرۆنا تۆماركراوە و 160كەسیش چاكبوونەتەوە و 13 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.



ڕیکلام