وەزیری داد بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندی پەرلەمانتاران رەتكردەوە

  2020-06-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دادی ھەرێمی كوردستان وەڵامی بڕیاری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەداتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر و دەڵێت برشیارەكە لە رۆژنامەی وەقایع بڵاونابێتەوەلەبەر ئەوەی پێچەوانەی رێسای گشتی پلەبەندی یاسایی دەرچووە.

فرسەت ئەحمەد، لە وەڵامی ئەو نوسراوەی رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 4ی ساڵی 2020 ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كردبوو دایەوە و رەتیدەاتەوە بڕیارەكەی لە رۆژنامەی وەقایع بڵابكەنەوە.

نوسراوەكەی وەزارەتی داد لە رۆژی 29-06-2020 دەرچووە و واژۆی وەزیری دادی لەسەرە و ئاراستە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كراوە و تیایدا دەڵێت: بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان پێچەوانەی رێسای گشتی پلەبەندی یاسایی (سلم التدرج القانونی) دەرچووە.

وەزیری داد وتوشیەتی" بەداخەوە كە بە بەڕێزتانی رادەگەیەنین كە داوای لێبووردن دەكەین و ناتوانین بڕیارەكە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوبكەینەوە ".

فرسەت ئەحمەد لەبارەی بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمانەوە دەشڵێت بڕیارەكە "بە بڕیارێكی نەبوو دادەنرێت و بەپێی یاسای بڵاوكردنەوەی رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بۆ بڵاوكردنەوە ناشێت".

پێشیوایە بڵاوكردنەوەی ئەو بڕیارە: دەبێتە مایەی رەخنە و پێشینەیەكی ترسناك لەسەر پەرلەمان و سەرۆكایەتی و سیستەمی سیاسی هەرێم. هەروەها لەسەر وەزارەتی داد بەسەرپێچی لە رێسای گشتی و حكومەكانی یاسا تۆماردەكرێت.

دوێنێ دووشەممە نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەخت لەسەر هەڵوێستی پێشووی دەكاتەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە (4) ی ساڵی 2020 كە بڕیارمان بە نووسراوی ژمارە (4/3/1001 لە 25/6/2020) ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی وەقایعی كوردستان، بۆ ئەوەی سیفەتی ئیلزامی وەربگرێت.


ڕیکلام