مۆسكۆ: توركیا ناتوانێت بێ مۆڵەتی ڕوسیا موشەكی ئێس 400 بگوازێتەوە بۆ وڵاتی سێهەم

  2020-06-30  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حكومەتی ڕوسیا ڕایگەیاند، سیستمی موشەكی ئێس 400 كە مۆسكۆ داویەتی بە توركیا، گواستنەوەی بۆ وڵاتی سێهەم بێ مۆڵەتی وڵاتەكەی كارێكی ئەستەمە .

ماریا فۆرۆبیۆفا وتەبێژی دەستەی فیدراڵی ڕوسیا بۆ هاریكاری سەربازی و تەكنیكی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئینتەرفاكسی ڕوسی ڕایگەیاند. هەر كڕیارێك كە بیەوێت بەرهەمە سەربازییەكانیان لە وڵاتەكەی بباتە دەرەوە یان هەناردەی شوێنی دیكەی بكات، پێویستە لایەنی ڕوسی بڕوانامەی كۆتایی پێبەخشێت، بۆیە ڕادەستكردن و دووبارە هەناردەكردنەوەی بۆ وڵاتی سێهەم بێ ۆمۆڵەتی لایەنی ڕوسی كارێكی زۆر ئەستەمە .

ئەو لێدوانەی ئەو لێپرسراوە سەربازییەی ڕوسیا دوای ئەوە دێت، جۆن تیۆن سیناتۆری كۆمارییەكانی ئەمریكا پێشنیازی كردبوو بۆ وڵاتەكەی كە واشنتۆن سستمی موشەكی ئیًس 400 روسی لە توركیا بكڕێتەوە، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو كێشەیە بكرێت كە لە نێوان ئەنكەرە و واشنتۆندا دروستبوو، لەسەر كڕینی ئەو جۆرە موشەكە لە ڕوسیا .

كڕینی موشەكی جۆری ئێس 400 روسی لەلایەن توركیاوە، ناكۆی توندی خستنە نێوان ئەنكەرەوە و واشنتۆنەوە و ئەمریكا بڕیاریدا فرۆشتنی فڕۆكەی جۆری ئیف 35 ناسراو بە شەبەح بە توركیا ڕابگرێت .