وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنى تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی نەدراوە و ئەو نوسراوەش کە بڵاوکراوەتەوە ساختەیە.
رێکان کەمال بەڕێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندیەکانى وەزارەتی پەروەردە بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، بڕیاری دواخستنی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ی ئامادەیی دوورە لە راستییەوە و تاقیکردنەوەکان لە کاتى دیاریکراوى خۆیدا ئەنجامدەدرێن.
وتیشى، ئەو نوسراوەى بە ناوی وەزیری پەروەردەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لەبارەى دواخستنى تاقیکردنوەکان بڵاوکراوەتەوە ساختەیە و هیچ بریارێک بۆ دواخستى تاقیکردنەوە گشتیەکان لەئارادانییە.
ئەمە دواى ئەوەدێت، شەوی رابردوو، لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان نوسراوێک بەناوى وەزارەتی پەروەردە بڵاوکرایەوە و تیایدا ئاماژە بە دواخستنى تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆسەرەتاى مانگى ئاب کرابوو.