عالیە نسەیف: حكومەتی فیدراڵی سورە لەسەر كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان

  2020-07-01  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عالیە نسەیف پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، حكومەت سورە لەسەر گفتوگۆكردن لەگەڵ شاندی كورد و كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان و پاراستنی مافی هەموو هاوڵاتیان لەسەرجەم پارێزگاكان .

عالیسە نسەیف لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتی فیدراڵی رەتیدەكاتەوە هیچ شایستەیەكی دارای بۆ هەرێمی كوردستان خەرج بكات، تا ئەو كاتەی داهاتەكانی نەوت و 50%ی داهاتی ناو نەوتی رادەستی بەغدا دەكەن .

ئەو پەرلەمانتارەی لیستی دەوڵەتی یاسا جەختیكردووە، حكومەتی فیدراڵی شایستەی دارایی یەك مانگی ڕەوانە كردووە بەو مەرجەی هەرێمی كوردستان سەرجەم بەرهەمی نەوتی خۆی رادەستی بكات لەگەڵا 50%ی داهاتەكانی دیكە .

ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێكەوتن نەبووە و جارێكی تر گەڕاوەتەوە سەر داوایكردنی شایستەی دارایی مانگێكی تر، بەڵام حكومەتی فیدراڵی ڕەتیدەكاتەوە هیچ بڕەپارەیەكی دیكە رٍەوانەی هەرێم بكات، ئەگەر بێتوو هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێكەوتنەكە نەبێت.

ئەو لێدوانانەی ئەو پەرلەمانتارە لە كاتێكدایە، لە ماوەی مانگی رابردوودا شاندی وتووێژكاری هەرێمی كوردستان چەند جارێك سەردانی بەغدای كردووە بۆ ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی سەبارەت بە دۆسیە نەوت و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە  هیچ ڕێکكەوتنێك .



ڕیکلام