بۆچی یەکێتی و گۆڕان گوشارەکانیان بۆ سەر پارتی چڕکردووەتەوە؟

  2020-07-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕن فشارەکانیان بۆسەر پارتی دیموکراتی کوردستان چڕکردووەتەوە بۆ شەفاف کردنی دۆسێی نەوت و داهاتی هەرێمی کوردستان، یەکێتی و گۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت لەگەڵ چاکسازی لە خەرجی چاکسازیش لەداهات بکرێت.

پارتی، ساڵانێکى زۆرە کۆنتڕۆڵی تەواوی دۆسێی نەوتی کردووە، لایەنەکانى بەشدارى لە حکومەتیش دەڵێن ئەوان ئاگادار نیین، هەر بۆیە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا سودمەندی سەرەکی چەند بەرپرس و کۆمپانیایەکی سەر بە پارتى بووە کە مانگانە  داهاتێکی بێ شومار بەناوی خەرجی دەرهێنانی نەوت و حەقدەستی کۆمپانیاکان وەردەگرن و ژمارەیەک گرێبەستی ناڕونییان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان واژۆ کردووە.

لەم ماوەیە کە حکومەت دەڵێت تووشی قەیرانی دارایی بووە، بەبێ هیچ چاکسازییەک لە داهات، دەستیکردووە بە بڕینی موچەی فەرمانبەران، لە کاتێکدا دەتوانێت بە چاکسازی لە دۆسییەی نەوت و دەروازە سنوورییەکان، موچەی فەرمانبەران و بودجەش دابین بکات.

یەکێتی، ماوەی چەند رۆژێکە هەوڵەکانی رێگری لە بڕینی موچە و شەفافی لە داهاتی نەوت دەستپێکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی لایەنەکانی کردووە.

لە کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێتی و گۆڕان پۆستی وەزارەتی داراییان وەرگرتووە بەڵام هەموو داهاتەکان نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەو وەزارەتە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مانگانە تەنیا بڕیک پارە بۆ موچە دەداتە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی دارایی دور و نزیک ئاگاداری داهات نییە و سەرۆکی حکومەت و وەزیری سامانەسروشتییەکان بڕیاردەری سەرەتا و کۆتایین لە داهاتی نەوت و بەشێکی زۆر لە داهاتی هەرێمی کوردستان بە ناڕوونی ماتەوە.

لە گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان کە ئەمڕۆ و چەند رۆژی رابردوو بەڕێوەچوون، یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵی ئیسلامی جەختیان لەوە کردووەتەوە لەگەڵ ئەنجامدانی چاکسازی لە خەرجی و داهات، دەبێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت، ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن کە بوونەتە هۆی بڕینی موچە و بودجەی هەرێمی کوردستان.

گوشاری لایەنەکان بۆسەر پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کورستان لەکاتێکدا حکومەت بەشێک لە موچەی فەرمانبەرانی بڕیوە و ماوەی چەند مانگێکییشە لەکاتی خۆی موچەکە دابەشناکات.



ڕیکلام