هەژموونی ئێران لە عێراق لەرزۆک بووە

  2020-07-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رادیۆ فەردا لە راپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دەكات، ئەو ڕێگایەی تاران كە پێشتر بۆ عێراق بە گوڵ چێنرابوو، ئێستا بەو شێوەیە نەماوە، بەڵكو مەترسی و بەربەرەكانێی بۆ دروستبووە، بە تایبەت لە سایەی هەوڵە بەردەوامەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، كە لە هەوڵی چڕدایە بۆ كۆنترۆڵكردنی میلیشیا و گروپە شیعەكانی نزیک لە ئێران.

تا ماوەیەك لەمەوبەر لێپرسراوە سەربازیە ئێرانییەكان بە هەردوو فەرماندەی فەیلەقی قودسی پێشوو ئێستاشەوە "قاسم سلێمانی و ئیسماعیل قائانی"، هەر كاتێك بیانوویستایە سەردانی عێراقیان دەكرد، بێ ئەوەی كەس بتوانێت ڕایانبگرێت لە كاتی دابەزینیان لە ناوچەی سەوزی بەغدا، بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوە ئەمنییەكان لەگەڵ لێپرسراوە عێراقییەكان.

بەڵام ئێستا ئەوە گۆڕاوە، دوای ئەوەی قائانی ئاگاداركرایەوە كە دەبێت كەناڵە فەرمییەكان بگرێتە بەر كاتێك دەیەوێت سەردانی عێراق بكات، هاوكات كازمی ڕەتیكردەوە بێ مۆڵەت و فیزای فەرمی پێشوازی لە ناوبراو و سەرجەم شاندەكەی ئێران بكات.

كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری پێشووی عێراق، پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێسپیردرا، دوای چەند مانگێك لە خۆپیشاندانی فراوان و توندوتیژ، كە بووە هۆی لەسەر كار لابردنی عادل عەبدلمەهدی ، سەرۆك وەزیرانی پێشوو.
راپۆرتەكە لە هەوڵێكدا بۆ دەرخستنی ئەو بەڵگانەی كە ئاماژەن بۆ لەرزۆك بوونی هەژموونی ئێران لە عێراقدا، ئاماژەی بەوەكردووە گروپەكانی نزیك لە ئێران، لە كۆتاییدا ناچار بوون پشتیوانی لە كازمی بكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، بەو هیوایەی كۆتایی بێت بەو قەیرانە ئابورییەی كە لە عێراقدا بەهۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كەڵەكە بووە.

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی کردووە، هەندێك هۆكار هەن كە دەسەڵاتی كازمیان بەستووەتەوە، لەوانەش پشكی لە حكومەت كە بە نزیكەی لە 10% مەزەندە دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پیاوە پیشتوانیەكی گەورەی لێدەكرێت لەلایەن سیاسییە عێراقیەكانەوە.
حزبە كوردی و سونییەكانیش پشتیوانی لە ڕێوشوێنەكانی دەكەن، بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنی هەژموونی گروپە شیعەکانی نزیك لە ئێران، ئەوە جگە لەوەی گروپە شیعییەكانی دیكەی دەرەوەی هەژموونی ئێران، داوای كۆنترۆڵكردنی میلشیاكانی نزیك لە ئێران دەكەن لەلایەن حكومەتەوە.

راپۆرتە باس لەوە دەكات، گێڕانەوەی فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعیدی، وەك سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆر لەلایەن كازمییەوە، كە پێشتر لەلایەن عادل عەبدولمەهدییەوە دوورخرابۆوە، بە هەمان شێوە بووەتە سەرچاوەی دوودڵی بۆ ئەو سیاسیانەی كە نزیكن لە ئێرانن.
ساعیدی ئەفسەرێكی ناسراوە لە ڕەتكردنەوەی دەستوەردانەكانی ئێران لە عێراقدا، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هێزەكەی هەڵیكوتایە سەر بارەگایەكی یەكێك لە گروپەكانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران لە باشوری بەغدا، بیانووی ئۆپراسیۆنەكە ئامادەكاری ئەو گروپە بووە بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا و بەو هۆیەشەوە 14 كەس لە ئەندامەكانیان دەستگیركران.

بەشێكی تری راپۆرتەكە لە بایەخی هەڕەشە و گوڕەشەی میلیشیاكان و دەرخستنی هێزیانی كەمكردووەتەوە، كە وەك پەرچەكردارێك لە دژی ئۆپراسیۆنەکە ئەنجامیاندا، ئاماژەی بەوە كردووە ئەوە جۆرێکە لە لێژبوونەرەی هەژموونی ئێران و لاوازبوونی میلیشیاکان، بە تایبەت دوای ئەوەی بەشێكیان بێبەریبوونی خۆیان لە حەشدی شەعبی ڕاگەیاند و خۆیان دایە پاڵ ئایەتوڵا عەلی سیستانی.

پسپۆڕان و چاودێرانی دۆخی عێراق باس لە لاوازبوونی هەڵوێستی میلیشیا عێراقییەكانی نزیك لە ئێران دەكەن، بە تایبەت دوای شەش مانگ لە هاتنەكایەی حكومەتێكی جێگیر لە بەغدا و هەرەسهێنانی حكومەتەكەی نزیك لە ئێران، هاوكات دوابەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی لە سەرەتای ئەمساڵ لەڕێگەی هێرشێكی ئەمریكاوە لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا.

لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەدا باس لەوە دەكات، ئاسۆی سەرەتای ئەو لاوازییەش دەركەوتووە، بە تایبەتە دوای كەمبوونەوەی هێرشی میلیشیاكان بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا لە چەند هەفتەی رابردوودا.

ئەوە سەرباری هەموو ئەوانە خودی ئێران گیرۆدەی كێشە تایبەتەكانی خۆی بووە، كە پەیوەندارن بە دۆخی خراپی ئابوری و گوزەرانی وڵاتەكەوە، كە بەهۆی گەمارۆكانی ئەمریكا و ڤایرۆسی كۆرۆناوە هاتوونەتە ئاراوە.

گفتوگۆ ستراتیژییەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆنیش دەكرێت گورزێك بێت لە دژی تاران، بە تایبەت راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن ئێران داوای لە نوێنەر و بریكارەكانی كردووە ڕێگری بۆ ئەو گفتوگۆیانە دروست نەكەن، تا ئەو كاتەی حكومەتی عێراق دەتوانێت قەرزی كەڵەبووی دابینكردنی كارەبا و غازی ئێران بداتەوە، كە تاران بۆ بەغدای دابین دەكات.


ڕیکلام