عێراق هەناردەی نەوتی بۆ ئوردن ڕاگرت

  2020-07-02  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان

وەزارەتی وزەی ئوردن ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق هەناردەکردنی نەتی خاوی بۆ ئورن لە ڕێی تانکەرەوە تا کاتێکی نادیار ڕاگرت .

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی وزەی ئوردن ڕایگەیاند، ڕاگرتنەکە بەهۆی ئەو دابەزینەی نرخی نەوتەوە بووە كە لە بازاڕەكانی وزەی جیهانیدا هاتووەتە ئاراوە .

لە مانگی ئەیلوی ساڵی ڕابردوەوە بە گوێرەی ڕێكەوتنێك لە نێوان عەممان و بەغدا یەكەم كاروانی نەوتی خاولە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكەوە گەیشتە ئوردن و ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوتی خاو گەیشتووەتە ئەو وڵاتە .

هالە زەواتی ئەو كاتە ڕایگەیاندبوو، ڕێككەوتنی هاوردەكردنی نەوتی خاو لە 7%ی پێداویستییەكانی ناوخۆیی ئوردن پڕدەگاتەوە .

پێشتریش بەهۆی ڕوداوەكانی شەڕی داعشەوە لە ساڵی 2014 جارێكی تر هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن ڕاگیرایەوە، بەڵام دواتر عومەر ڕەزاز سەرۆك وەزیرانی ئوردن دەستپێشخەریەكی بۆ عێراق ڕایگەیاند، ئەویش بۆ زیندووكردنەوەی پڕۆژەی ڕاكێشانی بۆری نەوتی عێراق ئوردن، بۆ سەر بەندەری عەقبەی ئوردن لەسەر دەریای سور، بۆ ئەوەی نەوتی خاوی عێراقی لێوە هەرناردە بكرێت .

وەزارەتی وزەی ئورن هیوای خواستووە لە نزیكترین درەفەتدا هەناردەی نەوتی عێراق بۆ وڵاتەكەی دەستپێبكاتەوە، بێ ئەوەی هیچ وردەكارییەكی دیكە ئاشكرا بكات .

ئوردن یەكێكە لەو وڵاتانەی ناوچەكە كە زۆربەی پێداویستییە ناوخۆییەكانی سوتەمەنی و وزە لە دەرەوە هاوردە دەكات، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو پێداویستیانەش پەنای بردووە بۆ دۆزینەوەی نەوتی بەردین و سودوەرگرتن لە وزەی خۆر و با بۆ دابینكردنی وزە .



ڕیکلام