کۆرۆنا هاوکارییە ماددییەکانی ئێرانی بۆ گروپە شیعەکانی عێراق لاوازکردووە

  2020-07-03  | 
بەغدا
رۆیتەرز: هاوکارییە ماددییەکانی ئێران بۆ گروپە شیعەکانی عێراق لاوازبووە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لەپاڵ گەماڕۆکانی ئەمریکا، بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش لە ناوچەکە، زیانێکی بەرچاوی بە هاوکارییە ماددی و سەربازییەکانی ئێران بۆ گروپە شیعەکانی عێراق گەیاندووە

رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکی عێراقی بڵاویکردووەتەوە، پێشتر ئێران مانگانە ملیۆنان دۆلاری دەدایە گروپە شیعەکانی عێراق، بەڵام بە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەو بڕە پارەیە بۆ نیوە دابەزیوە.

سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، جگە لە سنوردارکردنی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی و هاتووچۆکان، لەوانەش داخستنی سنورەکان، بووەتەهۆی دروستبوونی قەیرانێکی ئابووری گەورە لە سەرتاسەری جیهان و لەگەڵ ئەوەشدا بەهای جیهانیی نەوت دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

ئاژانسەکە لەزاری فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی کە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرابکات، بڵاویکردووەتەوە، پێشتر حکومەتی ئێران بۆ هەر مانگێک تا پێنج ملیۆن دۆلاری دەبەخشییە گروپە هاوپەیمانەکانی لە عێراق، بەڵام دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەو بڕە پارەیە بۆ دوو تا سێ ملیۆن دۆلار کەمیکردووە.

ئەو فەرماندەیە راشیگەیاندووە، کەمبوونەوەی هاوکارییە ماددییەکانی ئێران، کاریگەری لەسەر ئۆپراسیۆنەکانی گروپەکانی حەشدی شەعبی داناوە، بۆیە ئەوان لەهەوڵدان جێگرەوەیەک بۆ دابینکردنی سەرچاوە ماددییەکانیان بدۆزنەوە.

رۆیتەر ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای هەموو ئەوانە، کوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا، زیانێکی گەورەی بە پەیوەندییەکانی تاران و گروپە شیعەکانی عێراق گەیاندووە.

لە چەند هەفتەی رابردووشدا، ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتدپرێس لە راپۆرتێکی هاوشێوەدا بڵاویکردەوە، لە سەردانەکەی بۆ عێراق، ئیسماعێل قائانی فەرماندەی ئێستای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لەبری پارە ئەنگوستیلەی وەک هەدیە پێشکەش بە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کردووە.



ڕیکلام