سەنتەری میترۆ: لە شەش مانگی رابردوودا 98 حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەوانان تۆمار كراوە

  2020-07-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەنتەری میترۆ ئامارەكانی پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان بڵاوكردەوە و رایگەیاند لە شەش مانگی رابردوودا 98 حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەوانان تۆماركراوە و چەند داواكاریەكیش ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات.

سەنتەری میترۆ ئامارەكانی پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەوانانی لە شەش مانگی رابردوو بڵاوكردەوە و دەڵێت: لە شەش مانگی رابردوودا (98) جۆری پێشێلكاری بەرامبەر (72) رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن تۆماركردوە، لە ناویاندا (5) رۆژنامەنوسی ژن بوون.
سەنتەرەكە روونیكردووەتەوە لەو ماویەدا(53)  حاڵەتی رێگری لە رووماڵكردن هەبووە و پێنج حاڵەتی هەڕەشە و حەوت حاڵەتی دەستبەسەركردن لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسای رۆژنامەگەری.
ئەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنوسان ئەوەشی راگەیاندووە لەو ماوەیەدا هەشت حاڵەتی هێرش و لێدان هەبووە و نۆ حاڵەتی دەستبەسەركردن بەبێ فەرمانی دادگا و 11 حاڵەتی دەستبەسەركردنی شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەنوسان سێ هێرشی ئەلكترۆنیش ئەنجامدراوە و دوو حاڵەتی هەراسانكردنی  كچان و ژنانی لەناو دەزگاكانی میدیا. 
ئەوەشیخستووەتەڕوو، لەماوەی 4 مانگی رابردوو لە بری ئاسانكاری زیاتر بۆ دەزگاكانی راگەیاندن و پەیامنێرەكانی، دامەزراوە جۆراجۆرەكانی حكومەت لە هێزی چەكدارو مەدەنییان فشاری زیاتریان خستە سەر رۆژنامەنوسان. 
ئەو سەنتەرە بەبیری هێناوەتەوە لە هەندێ حاڵەتدا ئۆباڵی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووان خستە سەر شانی هەندێ دەزگای میدیا و لە كاتێكدا زۆرینەی كەناڵ و دەزگاكان رۆڵی گرنگیان هەبووە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی.
ئەو سەنتەرە رایگەیاند میترۆ هەندێ كەیسی هەستیاری وەرگرتتوە كە پەیوەندی بە هەراسانكردنی كچان و ژنانی رۆژنامەنوسەوە هەبووە لە ناو دەزگانی میدیای كوردستانی، داوای هاوسەنگی جێندەری لە میدیاكانیش دەكات. 
میترۆ داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، كۆسپەكانی بەردەم كاری رۆژنامەنوس لەگەیشتن بەسەرچاوەی زانیاری لاببرێت و جیاكاری لەنێوان كەناڵەكانی راگەیاندندا نەكرێت بۆ بەدەستهێنانی زانیاری. 
داوی دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجوومەنی دادوەری و داواكاری گشتی كردووە كە رۆڵی خۆیان بگێڕن لە پاراستنی سەروەری یاسا و دادگاییكردنی سەرپێچیكەران بەرامبەر رۆژنامەنوسان.
داوای ئەوەشی كردوە راگرتن (تەوقیفكردن)ی رۆژنامەنوسان لەسەر كەیسەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوەو ئازادی بیروڕا نەمێنن و جگە لەپۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات.


ڕیکلام