بەڕێوەبەری پۆلیسی کفری رایگەیاند، هاوڵاتییەکی دانیشتووی کفری لەلایەن چەند چەکدارێکەوە رفێندرا و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
رێبوار قەرەبڵاخی بەڕێوەبەری پۆلیسی کفری بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا هاوڵاتییەکی دانیشتووی کفری لە نێوان ناحیەی جەبارە و ئاسکی کفری لەلایەن چەند چەکدراێکی نەناسراوەوە رفێندراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هاوڵاتییە کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی فریاکەوتنی کفری بووە و بە مەبەستی کەسابەت و بژێوی چووەتە ناوچەکە و دواتر لەلایەن ئەو چەکدارانەوە رفێندراوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی کفری راشیگەیاند، تا ئێستا نازانرێت ئەو چەکدارانە سەربە چ گروپ و لایەنێکن و گەڕانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی کفری بۆ دۆزینەوەی ئەو هاوڵاتییە دەستیپێکردووە.
هێمن میروەیس - گەرمیان