كەمپینێك بۆ ئازادكردنی قارەمان شوكری پێکدەهێندرێت

  2020-07-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژمارەیەك رۆژنامەنوس و چالاكوان داوا دەكەن هەرچی زووە پەرلەمانتاران كار بكەن بۆ ئازادكردنی قارەمان شوكری رۆژنامەنوس لەبەر ئەوەی مەترسی هەیە لەسەر ژیانی.

لە بانگەوازیەكدا كە ژمارەیەك رۆژنامەوان و چالاكوانی مەدەنی بڵاویان كردووەتەوە رایانگەیاندووە، قارەمان شوكری رۆژنامەنووس "لە ٢٧ی مانگی ڕابردووەوە "حوزەیران"، لەلایەن ئاسایشی شیلادزێ'وە دەستگیركراوە و نەك بنەماڵەكەی، تەنانەت ڕێگا نەدراوە پارێزەرانی خۆبەخشیش سەردانی بكەن و بریكارنامەیەكی پێ واژۆ بكەن".
دامەزرێنەرانی ئەو كەمپینە راشیان گەیاندووە، "ئەمە جاری دووەمە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی پارتییەوە دەستگیر دەكرێت، تەنها تاوانیشی ئەوەیە، وەك ڕۆژنامەنووسێكی خۆشبەخش هاوكاریی میدیاكان دەكات و وەك چالاكوانێكیش بەرامبەر هەموو ناعەدالەتی و داگیركاری" بەشداری چالاكیەكان بووە. 
ئەوان هۆشداری دەدەن لەوەی مەترسی جدی لەسەر ژیانی هەیە و  بۆیە داوا لە پەرلەمانتاران و تەواویی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن، كە ئەركی خۆیان جێبەبجێ بكەن و هەوڵی هەرچی زووە ئازادكردنی قارەمان بدەن. 
لەو راگەیەندراوەدا كە كۆپیەكی بۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان) نێردراوە دامەزرێنەرانی كەمپینەكە ئاماژە بەوە دەكەن كە هیچ بیانویەك نیە بۆ هێشتنەوەی لە زینداندا و بەدەسەڵاتدارانی دهۆكیش دەڵێت "پێشیان دەكەوین لەوەی، كە وەك ڕابردوو تۆمەت و ماددەی بێ بنەما و سیناریۆ بۆ قارەمان وەك ڕۆژنامەنووسانی دیكە نەهۆننەوە، لە ئەگەری ئازادنەكردنی ئەم گەنجەدا هەوڵ دەدەین لە هەموو شار و شارۆچكەكان چالاكی ناڕەزایی بەڕێوەببەین".


ڕیکلام