ئاسایشی پارتی دوو كادری یه‌كێتی ده‌ڕفێنێت

  2023-01-12  | 
دۆسیە:  دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوو کارگێڕی کۆمیتەی دینارتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە رفێنران و رێگە بەپارێزەرەکانیشیان نادرێت سەردانیان بکەن، لەکاتێکدا یەکێک لەرفێنراوەکان نەخۆشی درێژخایەنی لەگەڵدایەو تەندروستی باش نیە

م.محەمەد ئەمین شێروانی لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاندوە: " دوو هەفتەیە ئاسایشی پارتی دوو کارگێڕی کۆمیتەی دینارتەی سەر بەمەڵبەندی دهۆکی یەکێتی رفاندوەو بێ سەروشوێنی کردون".

ئاماژەی بەوەشداوە: " تەنها دەزانین ئەو کادرانەی یەکێتی لەلای ئاسایشی پارتییە لەدهۆک، چەندجارێک پارێزەکانمان هەوڵیانداوە سەردانیان بکەن و بیانبینن، بەڵام ئاسایشی دهۆک رێگەی نەداوە".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی باسی لەوەشکردوە: " ئاسایشی پارتی بەبێ بڕیاری دادوەرو لەدەرەوەی ماڵەکەیان، ئەو دوو کادرەی یەکێتی-یان رفاندوە، ئەمەش یەکەمجارنیە هەرجارەو بەبیانوی جیاجیا کادرەکانمان دەڕفێنن و ئازاریان دەدەن، تەنها لەپێناوی ئەوەی ئینتمای سیاسییان لەگەڵ ئەواندا یەکناگرێتەوە".

میدیایی فەرمی یەکێتی دەشڵێت: دەستگیرکردنی بێ بڕیاری دادوەر لای پارتی تۆخبوەتەوە،  لەساڵانی رابردووشدا دەستگیرکردنی کادرانی یەکێتی لەسنووری بادینان و هەولێر بەردەوامیی هەبووە، بەڵام لەم کابینەیەدا ئەو حاڵەتە تۆختربوەتەوەو هەرکەسێک بیرکردنەوەی لەگەڵ حزبی دەسەڵاتداری ئەو سنوورە یەکنەگرێتەوە بەبیانوی جیاجیا دەستگیر دەکرێت و سزادەدرێت.

دارا عەبدولجەلیل روێژکاری مەکتەبی کۆمەڵایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاندوە: " دوو کاگێڕی کۆمیتەی دینارتەی یەکێتی بەناوەکانی( عاسف حسێن حەمۆ، محەمەد ئەمین خدر) ماوەی دوو هەفتەیە لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە رفێنراون، لەکاتێکدا عاسف حسێن نەخۆشی درێژخایەتی لەگەڵدایە، بەڵام رێگەمان پێنادەن دەرمانەکانی بگەیەنینە دەستی و بێگومان ئێستا تەندروستی ناجێگیرە".

دەشڵێت:" بۆ پارتی تەنها ئەوە بەسە کە ئینتمای سیاسیت لەگەڵ ئەو یەکنەگرێتەوەو دەستگیرت بکات و سزات بەبیانوی جیاجیا سزات بەسەردا بسەپێنێت".

هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢-٠١-٢٠٢٣ بڵاویکردووەتەوە، رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، "دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون لە هەڕەشەکردن لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و لایەنگرانی کۆمەڵگەی مەدەنییان کردە ئامانج، سەرەڕای راگەیاندنی پلانێکی نوێی پێنج ساڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان".
 
 


ڕیکلام