دوو پەرلەمانتاری عێراق: پارتی هەوڵی سەرکوتکردنی خەڵکی شیلادزێ دەدات

  2020-07-06  | 
دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوو پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دوایەی ناحیەی شیلادزێ نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و رایانگەیاند، پارتی هەوڵی سەرکوتکردنی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەدات.

غالب محەمەد عەلی و سەرکەوت شەمسەدین لە سەرەتای نامەکەیاندا نوسیویانە، دەمانەوێ سوپاست بکەین بۆ بەدەمەوەهاتنی داواکاری پێشومان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا و هەوڵی بردنی کەیسەکە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش.

ئاماژەیان بەوەشکردووە،  ئەوە هەنگاوێکی نیشتیمانی ئازایانەیە، ئەگەر هەنگاوی کرداری بنێیت، ئێمە پشتیوانیت دەکەین و دڵنیام گەڵی کوردستان و تەواوی عێراقیش پشتیوانت دەبن .

دەشڵێن، بابەتێکی تر کە دەمانەوێت سەرنجتی بۆرابکێشین، هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ناحیەی شیلادزێ-ی سەر بە پارێزگای دهۆک، کە زیاتر لە ۲٠ ساڵە بەدەست بۆردومانی سوپای تورکیاوە دەناڵێنن و بەدەیان قوربانیان داوە .

ئاشکراشیانکردووە، لەلایەن ژمارەیەکی زۆر چالاکوان و دانیشتوی ناحیەی شیلادزێوە ئاگادارکراونەتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرکوتکردنی ئەم شارە هێزی چەکداری رۆژ، کە هاوڵاتی سوریان، لە شارەکە بڵاوکردووتەوە و شارەکە کراوەتە سەربازگە .

غالب محەمەد عەلی و سەرکەوت شەمسەدین داواشیان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، لێکۆڵینەوەی جدی لەو بابەتە بکەن و خەڵکی شیلادزێ بپارێزن .

زیاتر لە دوو هەفتەیە سوپای تورکیا بە بیانووی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە زەوی و ئاسمانەوە هێرش دەکاتەسەر سنورەکانی شیلادزێ و ئامێدی و زاخۆ لە پارێزگای دهۆک و بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک هاوڵاتی شەهیدبوون و زیانی ماددی زۆریش بەر دانیشتووانی ناوچەکە گەیشتووە.



ڕیکلام