وەزیری دارایی هەرێم: خەرجییەکانی بەکاربردنی حکومەت بەئه‌لکترۆنی دەکرێت

  2020-07-06  | 
هەولێر
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، به‌ فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەم مانگەوە هەموو خەرجییەکانی بەکاربردن بە ئەلەکترۆنی دەکرێت.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم پێشکەوتنە بەشێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ بە مۆدێرنکردنی کارەکانی حکومەت و هەنگاوێکی گرنگ دەبێت لە پێناو نەهێشتنی روتین و هەوڵدان بۆ کارا کردن و چالاککردنی کاروباری هاوڵاتییان، هەروەک بەشێکیشە لە پڕۆسەی چاکسازی کە سەرەنجام دەبێتەهۆی زیادبوونی روونی و شەفافییەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی.

جەختی لەوەشکردەوە، تا زیاتر بتوانین کۆنترۆڵی خەرجییە بەکاربەرەکانی حکومەت بکەین، زیاتر دەتوانین کار لەسەر پڕۆژەی گرنگ لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی و سوودی هاووڵاتییان بکەین.

وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم، دەستخۆشیشی لە کارمەندانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی کرد، بۆ ئامادەکردنی ئەم سیستەمە.

دووپاتیشیکردەوە، ئەم سیستەمە ئۆنڵاینە لەم مانگەوە لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت جێبەجێدەکرێت و هەموو خەرجییەکانی حکومەت تا کۆتایی مانگی تەمموز، لە رێگەی ئەم سیستەمەوە بەردەست دەبێت و داتاکان لە سەنتەری داتای حکومەت کۆ دەکرێنەوە.

راشیگەیاند، ئەو کارە دەبێتەهۆی ئەوەی کە حکومەت کۆنترۆڵی بەسەر خەرجییەکانییەوە هەبێت و داتاکانیش دەتوانن بۆ دانانی پلانی ستراتیجیی دارایی یارمەتیدەربن.



ڕیکلام