کۆڵبەرێک لە ئاوی رووباری سیرواندا خنکا

  2020-07-06  | 
سنە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆڵبەرێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاوی رووباری سیرواندا خنکا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی٧ی٢٠٢٠، پۆلێک کۆڵبەر لە سنوری نەوسود لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کەوتوونەتە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی ئێران.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران ویستوویانە کۆڵبەرەکان دەستبەسەر بکەن، چەند کۆڵبەرێک خۆیان خستووەتە ناو ئاوی ڕووباری سیروان و یەکێکیان خنکاوە.

ئاشکراشیکردووە، ئەو کۆڵبەرەی گیانی لەدەستداوە، ئایەت یوسفی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی زمکان-ی سەر بە سەلاسی باوەجانیە.

لەوبارەیەشەوە یەکێک لە کۆڵبەرەکان بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە نزیک پردی زەلتە بۆسەیان داناوە و دوای ئەوەی شوێن کۆڵبەرەکان کەوتوون هەتا دەستبەسەریان بکەن، چەند کۆڵبەر کۆڵەکانیان فڕێداوە و خۆیان خستووەتە ناو ڕووباری سیروان کە لە ئاکامادا ئایەت گیانی لە دەست داوە .



ڕیکلام