دادگای ئەنقەرە بەفەرمی ئازادكردنی دەمیرتاشی رەتكردەوە

  2020-07-07  | 
دواین وێنەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەرچەندە تا ئێٍستا لە چەند دۆسیەیەكدا بێ تاوان دەرچووە، بەڵام لقی دووی دادگای ئەنقەرە ئازادكردنی هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەی رەتكردەوە و دەڵێت بەڵگەی بەهێز هەیە كە راستەوخۆ گروپی چەكداری بەڕێوەبردووە.

هەرچەندە پێشتر دووجار بڕیاری ئازادكردنی دەرچووە، بەڵام دواینجار لقی دووی دادگای ئەنقەرە رەتیكردەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووتری پارتی دیموكراتی گەلان ئازاد بكات و دەڵێت: بەڵگەی زۆر بەهێز هەیە سەبارەت بە ئەوەی كە دەمیرتاش بە شێوەی ڕاستەوخۆ گرووپی چەكداری پەكەكەی ئیدارە كردووە و فەرمانی پێیانداوە. 
رەتكردنەوەی ئازادكردنی دەمیرتاش دوای ئەوەهات كە دادگای یاسای بنەڕەتی توركیا و بە پشت بەستن لە بەرژەوەندی ناوبراو دەنگیدابوو؛ پارێزەرەكانی دەمیرتاش بەوهۆیەوە ولەسەر دەستگیركرانی بێ هۆكاری درێژخایەنی داوای ئازادیان بۆ كردبوو. 
لقی دووی دادگای ئەنقەرە لە رەتكردنەوەی ئازادكردنی دەمیرتاش وتیشی: بەهۆی دۆخی ئێستا و هەروەها بوونی تۆمەت و هۆكاری بەهێز سەبارەت بە سەلماندنی تاوان، دۆخی ڕاگیرانی ناوبراو هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەهاتووە و دۆسیەكەی هەر بەكراوەیی دەمێنێتەوە. 
پێشتریش لە رۆژی 2ی ئەیلولی 2019 دادگای ئەنقەرە بڕیاری ئازادكردنی ئەو سەركردە كوردەی دەركردبوو، دوای ئەوەش لە ماوەی رابردووش جارێكی دیكە دادگای بنەڕەتی توركیا هەمان فەرمانی دەركردبوو بەڵام هەردووجارەكە جێبەجێ نەكرا. 
ئەو سەركردە كوردە لە 4ی تشرینی یەكەمی 2016، لەلایەن حكومەتی توركیاوە لەگەڵ فیگەن یوكسەكداغ و ئەندام پەرلەمانەكانی ھەدەپە بەتۆمەتی بەشداریكردن لە بەڕێوەبەردنی پەكەكە دەستگیركران.