تەقینەوە گوماناوییەکانی ئێران بەردەوامن ...

  2020-07-07  | 
یەکێک لە تەقینەوەکانی ئەم دواییەی تاران
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە كۆتایی مانگی رابردوەوە زنجیرەیەك تەقینەوە لە چەندین دامەزراوەی گرنگ و ستراتیژی ئێران ڕوویانداوە تا ئێستاش بەردەوامن بێ ئەوەی هیچ کەس و لایەنێك بەرپرسیارێتیان لە ئەستۆ بگرێت.

ئێستا پرسیاری ئەوە دەكرێت ئایا تەقینەوەكان ئاسایین و بەهۆی گوێپێنەدانەوە یاخود لایەن و دەستێك لە پشتیانەوەیە؟

یەكەم تەقینەوە لە بنكەی ئاسمانی خجیری ئاسمانی سەربازی نزیك تاران لە 26ی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو ڕوویدا، ئەو شوێنە وەك میدیاكان باسی دەكەن شوێنی بەرهەمهێنانی موشەك و تەقەمەنییە لە ئێران .

دواتر لە رۆژی 30 حوزەیران ڕوداوی كەوتنەوەی ئاگر لەناو نەخۆشخانەی" سینا ئەتهەر" لە باكوری تارانی پایتەخت ڕویدا، كە بووە هۆی گیانلەدەسدانی 19 كەس و هۆكارەكەش وەک ئێران ڕایگەیاندووە تەقینەوەی بوتڵێكی غاز بووە .

پاشان لە ڕۆژی 2ی ئەم مانگەدا تەقینەوەكەی بنكەی ئەتۆمی نەتەنز ڕویدا، كە لە هەمووی مەتریسدار تر و قسەی زۆری لەبارەوە كراوە و میدیا جیهانییەكان ڕوماڵی تایبەتیان لەبارەوە كردووە .

هەرچەندە سەرچاوە ئێرانییەكان باس لەوە دەكەن كە ڕوداوەكە ئاگر كەوتنەوە بووە، بەڵام سەرچاوە ڕۆژئاواییەكان باس لە ڕوداوی تێكدان و تەقینەوە دەكەن .

دوای ئەو ڕوداوەی بنكەی ئەتۆمی نەتەنز، لە ڕۆژی 3ی تەموز ڕوداوی ئاگركەوتنەوە لە وێستگەی كارەبای زەبەلاحی" میدحەت" لە پارێزگای ئەهواز ڕویدا ، كەتایبەتە بە بەرهەمهێنانی غاز، بەڵام بنكەیەكی ئاسمانی هێزی لیوای 55ی ئاسمانی ئێرانیشی لێیە.

ڕوداوێكی دیكەی تەقینەوە یەك لە دوای یەكەكانی ئێران ڕوداوی تەقینەوەكەی كارگەیەکیی پترۆكیمیایی لە شاری ماشوریی ئەو وڵاتە بوو، كە بەهۆی هەڵمژینی گازی كلۆرەوە 70 كرێكار تەندروستیان تێكچوو هەندێك بێهۆش بوون، دواتر بەهۆی دزەكردنی گازی كلۆرەوە ئاگری گەورە لە كۆمەڵگەی پترۆكیماییەكەدا كەوتەوە .

دواهەمین تەقینەوە ئەمڕۆ بووە كە میدیاكان بە تەقینەوەیەكی گەورە ناویان بردووە و ڕووداوەكە لە ناوچەی باقر شەهر لە باشووری تارانی پایتەختی ئێران روویدا و ژمارەیەك كوژراو برینداری لێكەوتووەتەوە، هێزە ئەمنیەكانیش تا ئێستا هیچ لێدوانێكیان لەوبارەیەوە نەداوە.

میدیاكان ئێران بڵاویانكردەوە تەقینەوەیەك لە كارگەیەكی سەر بەكۆمپانیای (سەپاهان پەرش) روویداوە لە ئەنجامدا دوو كەس گیانیان لەدەستداوە و چەند كەسێكیش بریندار بوون .

لەسەر ئەو زنجیرە تەقینەوە یەك لە دواییەكانەی كە لە ناوخۆیی ئێراندا رویانداوە، سەرەتا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، ڕوداوی ئاسایین و بە دەست ئەنقەست نین، بەڵام ئێستا لێدوانەكانیان گۆڕیوە و دەڵێن دوژمنانی وڵات پێدەچێت دەستیان تیا هەبێت .

دواتر ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو لێپرسراوی ئێرانەوە بڵاویكردەوە، ڕوداوەكەی بنكەی ئەتۆمی نەتەنز بەهۆی ڕوداوێكی تێكدەرانە و هێرشێكی ئەلكترۆنی ئیسرائیلەوە بووە .

تەنها زانیاری فەرمی لەسەر زنجیرە تەقینەوەكانی ئێران قسەكانی غولام ڕەزا جەلالی سەرۆكی ڕێكخراوی بەرگری شارستانی ئێرانە كە ڕایگەیاندبوو، تاران بە دووری نازانێت ڕوداوەكان كاری تێكدەرانەی گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان یان هێرشی ئەلكترۆنی ئەمریكا و ئیسرائیل بن .

ئەفیگدۆر لیبرمان سەرۆكی حزبی ئیسرائیل بیتونا تۆمەتی ئاراستەی یۆسی كۆهین سەرۆكی دەزگای مۆسادی ئیسرائیل كرد بە دزەپێكردنی ڕۆڵی شاراوەی ئیسرائیل لە تەقینەوەكەی بنكەی ئەتۆمی نەتەنز .

لیبرمان وتوویەتی، كۆهین بێ ئەوەی ناو بهێنێت لە لێدوانەكەیدا باسی لە ڕاپۆرتەكەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكا كردووە بۆ ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل .

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكا نووسیویەتی ئەو ئاگركەوتنەوە و ڕوداوەی هەفتەی رابردوو لە بنكەی ئەتۆمی نەتەنزی ئێراندا ڕویدا ئیسرائیلی لە پشتەوە بووە .

ڕۆژنامەکە رایگەیاندووە، روداوەكە لە یەكەیەكی تازە بنیاتنراوی وێستگەی ئەتۆمی نەتەنزی ئێران ڕویداوە و كارێكی تێكدەرانەوە بوو كە لە لایەن ئیسرائیلەوە و لەڕێگەی بۆمبێكی چێنراوە بووە .

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە، ڕۆژی یەكشەممەی رابردوو ئەفسەرێكی دەزگایەكی هەواڵگری دەوڵەتێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندووە، ئاگاداری ڕوداوەكە بووە و ئیسرائیل بەرپرسە لەو هێرشەی سەر بنكەی ئەتۆمی نەتەنز و لە هەوڵەكەدا بۆمبێكی چێنراوی زۆربەهێز بەکار هاتووە .

چاودێرانی سیاسی و پسپۆڕە ئەمنییەكان باس لەوە دەكەن ڕوداوە یەك لە دوای یەكەكانی ئێران لە ئێستادا ئەو گێرانەوانەی ئێرانی تێپەراندووە و ئەستەمە هەر وا بە ساكاری بێ هیچ هۆكارێك رٍووبدەن، بە تایبەت هێشتا لێكدانەوەكان و لێكۆڵینەوە فەرمییەكانی ئێرانیش بە شاراوەیی ماونەتەوە .