شەپۆلی کۆچبەران بەرەو یۆنان بۆ نیوە کەمیکردووە

  2020-07-08  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی حکومەتى یۆنان رایگەیاند، لە ئەمساڵدا شەپۆلی کۆچبەران و پەنابەران بۆ دورگەکانی یۆنان بەڕێژەى 51% کەمیکردووە بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2019.

ستیلیۆس پێتساس وتەبێژی حکومەتى یۆنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی داتایەکی وەزارەتی کۆچی یۆنان شەپۆلی کۆچبەران بەرەو یۆنان بۆ نیوە کەمبووەتەوە و لە سەرانسەری وڵاتیش بەڕێژەى 46% کەمیکردووە.

هەر بەپێی قسەکانی ستیلیۆس، لە دووەم چارەکی ئەمساڵ، واتە مانگەکانی نیسان تاوەکو حوزەیران، شەپۆلەکە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی 209 بەڕێژەى 92% کەمیکردووە .

ئاماژەى بەوەشکردووە، یەکلاییکردنەوە و بڕیاردان لەسەر داواکاری مافی پەنابەرێتی پەناخوازان بەڕێژەى 88% زیادی کردووە، بۆ نمونە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڕیار لەسەر زیاتر لە 46 هەزار داواکاری مافی پەنابەرێتی دراوە، بەڵام لە هەمان کاتی ساڵی ڕابردوو 2019، ژمارەکە زیاتر لە 24 هەزار بووە .

پێتساس باسى لەوەشکردووە، ئەو داواکارییانەی کە چاوەڕێی پێداچوونەوە بوون کەمیکردووەتەوە بۆ 101 هەزار، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2019 ژمارەکە 140 هەزار بووە و چاوەڕێی یەکلایی کردنەوەیان کردووە .



ڕیکلام