پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

  2023-02-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانی کوردستان رایگەیان، رۆژی چوارشەممە کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی حەوت پەرلەمانتان دەدرێت

پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، رۆژی چوارشەممە، دانیشتنی ژمارە (١)ی ئاسایی خولی بەھارەی ساڵی پێنجەم بەڕێوەدەچێت.

دیارترین تەوەری دانیشتنەکە دەنگدانە لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی شێرکۆ جەودەت، ئەبوبەکرد هەڵەدنی، ئیسماعیل عەلی، سەرچنار ئەحمەد و هەڵز ئەحمەد لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، هەروەھا عەلی حەمەساڵح لە فراکسیۆنی گۆڕان و کازم فاروق لە نەوەی نوێ.

هەر لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەم پێشنیازە یاسایانە دەکرێت:

١ - پێشنیازەیاسای (بەڕەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لە هەرێمی کوردستانـ-عێراق).
٢ - پێشنیازەیاسای (بەڕەنگاربوونەوەی گزیی زانستی).
٣ - پێشنیازەیاسای (ناوەندی وەرگێڕانی سەرچاوە زانستییەکان لە هەرێمی کوردستان).
٤ - پێشنیازەبڕیاری (تایبەت بە بەخاکسپاردنی شەهید).
٥ - پێشنیازەیاسای (هەمواری دووەمی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی کە لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لە هەرێمی کوردستان -عێراق).

بڕیارە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای (کار لە ھەرێمی کوردستان) بدرێت و پاشان  خستنەڕوو و دەنگدان لەسەر ئەم یاسایانەش بەڕێوەدەچێت:

١ یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٢٢ یاسای (گرتنی کاڵای قاچاغ و قەدەغەکراو لە مامەڵەپێکردن لە هەرێمی کوردستان-عێراق)، کە بە بڕیاری ژمارە (١٥)ی ساڵی ٢٠٢٢ی سەرۆکایەتیی هەرێم بەشێوەیەکی (جزئی) گەڕاندرایتەوە بۆ پەرلەمان بۆ چاوپێخشاندنەوە بە خاڵی (٧) لە بڕگەی (دووەم) و هەڵگرتنی بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (٣)ی یاساکە.

٢ - یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠٢٢ یاسای (هەمواری یەکەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان-عێراق)، کە بە بڕیاری ژمارە (١٦)ی ساڵی ٢٠٢٢ی سەرۆکایەتیی هەرێم بەشێوەیەکی (جزئی) گەڕاندرایتەوە بۆ پەرلەمان بۆ چاوپێخشاندنەوە بە بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (٤٢)ی یاساکە.

٣ - یاسای ژمارە (١٧)ی ساڵی ٢٠٢٢ یاسای (هەمواری یەکەمی یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان-عێراق)، کە بە بڕیاری ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٣ی سەرۆکایەتیی هەرێم بەشێوەیەکی (جزئی) گەڕاندرایتەوە بۆ پەرلەمان بۆ چاوپێخشاندنەوە بە بڕگەی (پێنجەم) لە ماددەی (١٣)ی یاساکە.



ڕیکلام