وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، لیژنەیەکى تەکنیکیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى جوتیاران پێکهێناوە و هۆکارى ساخنەبوونەوەى بەرهەمەکانیشیان دەخاتەڕوو.
حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنى ساخکردنەوەى بەرهەمەمی جوتیاران بەردەوامە و لە ئێستاشدا لیژنەیەکى تەکنیکیان پێکهیناوە.
وتیشى، ئەو لیژنەیە نرخى بەرهەمەکان دیاریدەکات و کار ئاسانى بۆ هەناردەكردنی بەرهەمى جوتیاران بۆ خوار و ناوەڕاستی عێراق دەکات.
لەبارەى هۆکارى ساخنەبوونەوەى بەرهەمەناوخۆییەکانیش ئاماژەى بەوەکرد، گرانکردنى هاتووچۆ لەنێوان شارەکان و نەهاتنى گەشتیار و داخستنى ژمارەیەکى زۆر لە رێستۆرانت و ئۆتێلەکان هۆکارى سەرەکین بۆ ساخنەکردنەوەیان.
بەپێى زانیاریەکانیش هەر ئەمڕۆ لە پارێزگاى سلێمانى ژوورەبازرگانەکان و قایمقامیەت و بەرپرسانى کشتوکاڵ کۆدەبنەوە بۆ دۆزینەوەى میکانزم و رێگاچارەسەرێک بۆ ساخکردنەوەى بەرهەمە ناوخۆییەکانى جوتیاران.