د. نەوزاد ساڵح: بەدەستی خۆم 20دەفتەر سەرانەم داوەتە بەدەل بەندی

  2023-03-03  | 
دۆسیە:  دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دکتۆرێک لە شاری دهۆک ئاشکرای دەکات لە لایەن فەرماندەیەکی سەربازی سەربە پارتی هەڵیان کوتاوەتە سەری و بەتوندی ئەشکەنجەیان داوە و بڕێکی زۆر پارەیان لێ وەرگرتوە

د. نەوزاد ساڵح، پزیشکێکی شاری دهۆکە و یەکەمین پزیشکە لەسەر ئاستی عێراق کە بۆردی لە چاندنی جگەردا هەیە، ئەمڕۆ دوور لە پیشەکەی خۆی ڤیدۆیەکی بڵاوبوویەوە کە تێیدا بە پانتۆڵێکی دڕاوەوە دەردەکەوێت و بەگریانەوە باسی ئەوە دەکات فەرماندەیەکی سەربە پارتی لێیداوە، کە هاناشی بۆ پۆلیس بردووە دادوەری ئێشکگر پێی وتووە: "بڕۆن خۆتان کێشەکە چارەسەر بکەن لەنێوان خۆتاندا".

د. نەوزاد ساڵح کە بە د. نەوزاد سلێڤانەیی ناسراوە لە ڤیدیۆکەدا لەبارەی چیرۆکەکەوە دەڵێت: "کوڕەکەی بەدەل بەندی، فەرماندەی سەربازیی سەربە پارتی لەگەڵ پاسەوانەکانی چوونەتە سەر ژمێریاری مۆلیدەکانمان کە کارەبای ماڵان دابیندەکەن، پێیان وتووە: دەبێت پارەمان پێبدەیت، منیش لەبەر ئەوەی مانگانە ئەم حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە چووم بۆبنکەی پۆلیسی دۆمێز لەنێو بنکەی سەربازیی دۆمیز، لەوێ پۆلیسەکان پەیوەندییان بە دادوەری ئێشکگرەوە کرد، دادوەرەکە وتی: پێی بڵێن من سەرقاڵم و کاتم نییە با خۆیان کێشەکە لەنێوان خۆیاندا چارەسەر بکەن".

ئەو پزیشکە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، کە گەڕامەوە بۆ ئەو شوێنەی کە کوڕەکەی بەدەل بەندی لێبوو پێم وتن: بۆچی وا لە ئێمە دەکەن؟ کوڕەکەی و ١٥ کەسی تر منیان کردە ژوورێکەوە و لێیاندام بەدڵی خۆیان و ڤیدیۆشیان کردم. دواتر بەدەل بەندی خۆشی هات، کامێراکەیان کردەوە و بەدەل بەندی وەک نمایش لە کوڕەکەی توڕە بوو، دواتر من هەر لەو کاتەدا وتم: خاڵە بەدەل تۆ ٢٠ دەفتەر دۆلارت لە من وەرنەگرت؟ مانگی داهاتووش پارەت پێدەدەم، کە وام وت: خۆشی کەوتە لێدانم، ئەوەندەی لێدام جلەکانم لەبەردا دڕان و وتیشی بەوانەی تر: ئادەی ڤیدیۆی بکەن".

لەبارەی ناوەڕۆکی دروست بوونی کێشەکانەوە ئەو پزیشکە دەڵێت، "براکەم کە ناوی ئازادە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە هەموو مانگێک ٢٦٠ هەزار دۆلاری داوەتە پاراستنی پارتی و دوو فەرماندەی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان. ئێمە سەرەتا واماندەزانی قورمار دەکات، بەڵام من خۆم بەدواداچوونم کرد و بۆم دەرکەوت ئەو هەموو پارەیەی کە دیارنامێنێت بە سەرانە و لەژێر فشاردا دەیداتە ئەوان. واتە لەو ساڵەوە تاوەکو ئێستا ١٠ ملیۆن دۆلار زیاترمان داوەتە ئەو فەرماندە سەربازییە".

بە وتەی د. نەوزاد ساڵح، "بەدەستی خۆی ئوتێلێکی خێزانەکەی بە ٣ ملیۆ دۆلار فرۆشتووە و بەشێکی زۆری پارەکەی دراوە بە سەرانەدا و هەر خۆی ٢٠٠ هەزار دۆلاری داوەتە بەدەل بەندی".

ئەو پزیشکە ئاماژە بەوەشدەکات کە لەسەر ئەو کێشانە، "چوونەتە لای بابۆ بارزانی، کوڕی بچووکی مەسعود بارزانی، سەرجەم بەڵگەی سەرانە وەرگرتنەکەیان داواتە نووسینگەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش بەتەواوەتی لە چیرۆکەکە ئاگادارن، بەڵام کەس ئامادە نەبووە هەڵوێست وەربگرێت".

لە بەشێکی تری ڤیدیۆکەدا د. نەوزاد ساڵح، "پەشیمانی خۆی دەردەبڕێت لە خزمەتکردنی کوردستان" و دەشڵێت: "من چەندین ساڵ خوێندم بۆ ئەوەی سەری میللەتەکەم بەرزبکەمەوە، لە ئیمارات هەموو مانگێک مووچەی ٧ هەزار دۆلاریان پێدام نەچووم و گەڕامەوە دهۆک بۆ خزمەتکردن، کات هەبووە ٣٠ کاتژمێر لەناو ژووری نەشتەرگەریدا ماومەتەوە و بە خۆڕایی نەشتەرگەرییەکەم کردووە، کەچی ئێستا بەدەل بەندی هەڵدەکوتێتەسەر من و دەڵێت: ناچاری مانگانە ١٠ هەزار دۆلار پەیدا بکەیت بۆ ئەوەی پارەی ئێمە بدەیت".

کۆتایی قسەکانیدا جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە،"دەیەوێت وڵات بەجێبهێڵت و خۆزگە دەخوازێت کە لە ئامادەیی وازی لە خوێندن بهێنابایە بۆ ئەوەی چەکێک بکردایەتی شانی، نەوەک چەندین ساڵ ئەرکبکێشێت و لە کۆتایشدا چەک لەشانێک بەناوی پێشمەرگایەتیەوە سەرانەی لێوەربگرێت".


ڕیکلام