دوو کەسی دیکە لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا کە هەڵگری کۆرۆنا بوون

  2020-07-08  | 
سلێمانی
بەخاکسپاردنی تەرمی تووشبوویەکی کۆرۆنا لە سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ دوو کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون.

عەبدوڵڵا ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، پابەندبوونی هاوڵاتیان بە رێنماییە خۆپارێزییەکان، ئامارەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی لە پارێزگای سلێمانی کەمتر کردوەتەوە.

ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی٧ی٢٠٢٠، تەنها دوو کەسی دیکە لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون.

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی راشیگەیاند، یەکێک لەو تووشبووانەی کە ئەمڕۆ گیانیان لەدەستداوە، دانیشتووی شاری سلێمانییە و ئەوەی دیکەشیان خەڵکی رانیەیە.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، هەشت هەزار و ١٣٤ کەس لە هەرێم تووشی ڤایرۆسەکە بوون و لەو ژمارەیەش ٢٧٣ کەسیان گیانیان لەدەستداوە کە ٢٣١ کەسیان دانیشتووی پارێزگای سلێمانی، ٣٨یان دانیشتووی پارێزگای هەولیر و چوار کەسیشیان دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە بوون.



ڕیکلام