ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە

  2023-03-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، داوا لە ھەموو لایەن و فراکسیۆنەکان دەکەین، دەستوبرد بکەن لە گەیشتن بە لێتێگەیشتنی ھاوبەش لەپێناوی خێراترکردنی پرۆسەی ئامادەکاریی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەمساڵدا

ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پابەندە بەجێبەجێکردنی یاسای بەردەوامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠٢٢ و زەمینەسازیی سیاسی و یاسایی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاریکراودا.

بۆ ئەم مەبەستەش وێڕای پشتیوانیی تەواو لە ڕەوتی گفتوگۆکانی فراکسیۆن و لایەنە سیاسییەکان، پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی ڕێوشوێنە و تەکنیکییەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەی ھاوبەش بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن دەکەین، ڕایدەگەیێنین کە لە ئاستی زەمینەسازیی یاسایی، سەرجەم ئەو پێشنیازەیاسایانەی کە پێشتر لەلایەن فراکسیۆنەکانەوە پێشکەش کرابوون ئاراستەی لێژنەی یاسایی پەرلەمان کراوە، بۆ دەستپێکردنی ھەنگاوە کردارییە یاساییەکان و دروستکردنی سازانی نیشتمانی لەنێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان. لەو ڕوانگەیەوە پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣⁄٣⁄١٥ کۆبوونەوەیەکی ئاسایی بۆ پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن ئەنجام دەدات.

بۆیە داوا لە ھەموو لایەن و فراکسیۆنەکان دەکەین، دەستوبرد بکەن لە گەیشتن بە لێتێگەیشتنی ھاوبەش لەپێناوی خێراترکردنی پرۆسەی ئامادەکاریی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەمساڵدا.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
١٣ی ئازاری ٢٠٢٣


ڕیکلام