حزبوڵای عێراق سكاڵا لەسەر 127 كەس تۆماردەكات

  2020-07-09  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حزبوڵای عێراق سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو رۆژنامەوان و چالاكوانانە تۆماردەكات، كە گروپەكەیان تۆمەتبار كردبوو بە تیرۆركردنی هیشام ئەلهاشمی بۆ ئەوەش ژمارەیەكی زۆر پارێزەریان ئامادە كردووە.

كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سكاڵای یاسایی لەسەر 127 چالاكوان و میدیاكار و ئەو كەسانە تۆمار دەكات، كە گروپەكەیان تۆمەتبار دەكەن بە كوشتنی هیشام ئەلهاشمی.
لە راگەیەندراوی ئەو گروپە چەكدارەی عێراق باس لەوە كراوە كە 30 پارێزەریان گرتووە بۆ تۆماركردنی ئەو سكاڵایانە، وەك خۆیان دەڵێن هیچ كەسێك لەوانە بەڵگەیان نییە لەسەر ئەوەی ئەوان ئەو لێكۆڵەرە عێراقیەیان كوشتبێت. 
ئێوارەی رۆژی دووشەممەی رابردوو، چەند چەكدارێك بە سواری ماتۆڕسكیلەوە لە نێو ئۆتۆمبێلەكەی تەقەیان لەهیشام ئەلهاشمی كرد لەبەردەم ماڵەكەی، لە ناوچەی زەیوونەی رۆژئاوای بەغدا تیرۆریان كرد.
هەر لە سەرەتای رووداوەكەوە مدیای ئەمریكی و بەرپرسانی ئەو وڵاتە و بەشێكی زۆریش لە خەڵكی عێراق پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی حزبوڵا كرد لەبەر ئەوەی ناوچەی زەیونە كە تیرۆرەكەی تێدا ئەنجامدراوە لەژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی ئەواندایە.