ژیان رێژەى کەمکردنەوەى موچەى خانەنشینان بڵاودەکاتەوە

  2020-07-09  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێم رایگەیاند، بۆ ئەم مانگە موچەى خانەنشینان 21% کەمدەکرێتەوە و خانەنشینی پلە تایبەتەکانیش 50% موچەکانیان دەبردرێت.

حازم ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێم بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، ئەو خانەنشینانەى موچەکانیان کەمتر لە 300 هەزار دینارە لە موچەکانیان کەمناکرێتەوە.

وتیشى،  موچەی خانەنشینی پلە تایبەتەکان لە بەڕێوەبەری گشتی بۆ سەرەوە و پلە تایبەتەکانی خانەنشینی سەربازی سەرجەمیان 50% موچەکانیان کەمدەکرێتەوە، هەر خانەنشینێکیش شەش ملیۆن دینار موچەکەی بێت نیوەى موچەکەى پێدەدرێت.

بە پێى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی گشتی خانەنشینی لە هەرێم 247 هەزار خانەنشینى مەدەنى و سەربازى هەن مانگانە موچەى خانەنشینى وەردەگرن.

ئەمە دواى ئەوە دێت، رۆژی 21ی حوزەیرانی 2020 حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە کەکردنەوەى 21% موچەى فەرمانبەران  و ئەو بریارەش نیگەرانى لاى چین و توێژەکانى موچەخۆران لێکەوتەوە.



ڕیکلام