ئێران: لە دوومانگی داهاتوودا ڤاكسینی كۆرۆنا لەسەر مرۆڤ تاقی دەكەینەوە

  2020-07-09  | 
دۆسیە:  هەرێمى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی ئێران رایگەیاند، قۆناغی سەرەتایی تاقیكردنەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا كۆتایی هاتووە و تا دوو مانگی داهاتوو لە سەر مرۆڤ تاقیدەكرێتەوە.

جەلیل كووهپایەزادە، رایگەیاند: لە ئاستی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوەی زۆر لەسەر ڤاكسینی كۆرۆنا ئەنجام دراوە و لە وڵاتی ئێمەش زیاتر لە 10 گرووپ لەسەر بەرهەمهێنانی ئەو ڤاكسینە كاردەكەن كە ئێستا دوو گرووپیان لە پێشەوەدان.
ناوبراو بە میدیاكانی وڵاتەكەی وت: پێشبینی ئێمە ئەوەیە كە ئێران تا وەرزی پاییز و سەرەتاكانی زستان بتوانێت نموونەی باش لە ڤاكسینی كۆرۆنا بەدەست بهێنێت كە لە ئاستی نێودەوڵەتی بەكاربێت.
سەرۆكی زانكۆی زانستە پزیشكیەكانی ئێران راشیگەیاند، دوو گرووپی لێكۆڵینەوە لە زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی ئێران لەسەر بەرهەمهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا كار دەكەن كە ئێستا قۆناغی یەكەمی تاقی كردنەوەی ئەنجامدراوە و  كۆتایی هاتووە و تا دوو مانگی داهاتووش لەسەر مرۆڤ تاقی دەكرێتەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە میدیاكانی ئەمریكا ئەمڕۆ بڵاویان كردەوە ڤاكسینی كۆرۆنا لەسەر هەشت كەسی خۆبەخش تاقی كراوەتەوە و ئەنجامی باشی هەبووە، هاوكات سەرجەم وڵاتانی جیهان لە لێكۆڵینەوەدان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسین و چارەسەری ئەو ڤایرۆسە كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە لە وڵاتی چین سەری هەڵدا و لە ئێٍتادا لە سەرتاسەری جیهان بڵاوبووەتەوە.