وەزارەتی تەندروستی رەتیدەكاتەوە دەستی بەسەر هاوكاری حكومەتی عێراق بۆ سلێمانی گرتبێت

  2020-07-09  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی هەرێم رەتیدەكاتەوە هاوكاری حكومەتی عێراقی نەگەیاندبێتە سلێمانی و ئاشكراشیدەكات هاوكاری زیاتری سلێمانیان كردووە بە بەراورد بە شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم رەتیدەكاتەوە هاوكاریەكانی حكومەتی عێراقی رەوانەی سلێمانی نەكرابێت و دەڵێت "دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ لەلایەن دەزگای (كیمادیا) بە سیستەمێكی ڕاستەوخۆ بۆ كۆگاكانی پارێزگاكان ڕەوانە دەكرێت ئەگەر هاوكاری یان بەشە دەرمانی هەرێمی كوردستان بێت بەهیچ شێوەیەك نایەتەوە هەولێر".
دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ رێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری یەكێتی لە عێراق رایگەیاند وەزیری تەندروستی عێراق پێی راگەیاندوون كە هاوكاری پزیشكی رەوانیە سلیمانی كردووە بەڵام لە هەولێر دەستی بەسەرداگیراوە و رەوانە نەكراوە وەزارەتی تەندروستی لە روونكردنەوەیەكدا وەڵامی ئەو پەرلەمانتارە دەداتەوە. 
لە روونكردنەوەكەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە "هاوكاریە ماددیەكانی تەندروستی عێراق كە بڕیسێ ملیار و 500 ملیۆن دینار بوو بۆ هەر پارێزگایەك یەك ملیار دینار دانرابوو لەگەڵ 500 ملیۆن دینار بۆ دیوانی وەزارەت".
ئەو وەزارەتە ئاماژەی بە چەند بودجەیەكی تەرخانكراوی حكومەتی هەرێم كردووە بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین وقەزاكانی سنوری سلێمانی و دەشڵێت هیچ بودجەیەكی تایبەت بۆ قەزا و شارەكانی دیكە تەرخان نەكراوە. 
وەزارەتەكە بەبیری هێناوەتەوە كە بە فەرمانی سەرۆكی حكومەت "هاوكاری دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانی لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا تەرخان بكرێت بۆ شاری سلێمانی، ئەمە جگە لەوەی هاوكاری و پاڵپشتیكردنی نێوان پارێزگاكان بەردەوام هەیە لە (مناقلە) كردنی هەر پێداویستیەك لە نێوان پارێزگاكان لە پێناو ڕانەوەستانی خزمەتگوزاریەكان وەكو تێستی تاقیگە و پێداویستیە پزیشكیەكان ئەمەش ئەم راستیە دەردەخات كە بۆ خزمەتگوزاری مرۆیی هیچ جیاكاریەك ناكرێت".
لە روونكردنەوەكەدا ئەوشەی وتووە "ئەم پەڕلەمانتارە بەڕێزە بۆ چەواشەكردنی ڕاستیەكان و شێواندنی ئەو خزمەتە گەورەیەی حكومەتی هەرێم لە پێناو دروستكردنی جیاكاری بۆ ڕاكێشانی هەست و سۆزی شەقام بۆ بەرژەوەندی كەسی خۆی هەوڵێكی نەزۆك دەدات بوختان و فیتنە بخاوتە ناو ئەم كارە مرۆییە پیرۆزە لە كاتیكدا دەیتوانی پرسیاری لە بەڕێز وەزیری دارایی بكردایە یان بەرپرسی كۆگای ناوەندی دەرمانی هەرێم كە هەر خۆی سەربەلایەنی فڕاكسیۆنەكەی خۆیەتی". 
وەزارەتی تەندروستی ئاشكرای دەكات بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی "دوای ئەو لێدوانە لە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەرێم بەڕێز (د. حسن التمیمی) نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو قسانەی بە ناوی بەڕێزیان كراوە".


ڕیکلام