ئەندامێکی سەركردایەتی یەكێتی: پارتی مافی پێكهاتەكان لەنەینەواش پێشێلدەكات

  2023-04-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لێپرسراوی مەڵبەندی حەوتی موسڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند، پارێزگاری نەینەوا لەلایەن پارتییەوە كۆنتۆڵكراوەو بێپرسی ئەوان ناتوانێت موختارێك دابنێت.

ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی حەوتی موسڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی PUKMEDIA  رایگەیاند: "زۆربەی پۆستە كارگێڕ‌ییەكانی پارێزگای نەینەوا وەك قائیمقامییەتی تەلەعفەر، حەمدانیە، مەخمور، تەلكێف، ناوەندی موسڵ، شێخان و زۆربەی ناحیەكانی موسڵ لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستیانبەسەردا گیراوە، تەنها بەڕ‌ێوەبەری ناحیەی باشیك شەبەك بوو و پاش خانەنشینبوونی پارتی دەیەوێت دەستبەسەر ئەو پۆستەشدا بگرێت، دانیشتووانی ناحیەكەش ئەو پۆستە بە موڵكی شەبەك دەزانن، هەربۆیە داواكردنی ئەو پۆستە و بڕ‌یاری دانانی كادرێكی پارتی بە بەڕ‌ێوەبەری ناحیەی باشیك ناڕ‌ەزایەتی شەبەكەكانی لێكەوتووەتەوە".

"ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێمانوایە ئەم بڕ‌یارە نادروستە و پارتی وەك هەمیشە بەبێ ئەوەی بگەڕ‌ێتەوە بۆ لایەن و پێكهاتەكانی دیكە بەبڕ‌یاری حزبی پۆستەكان دابەشدەكات و لایەنە كوردستانی و عیراقییەكانیش دژی تاكڕ‌ەوی پارتین لە موسڵ و هەڵوێستیان وەرگرتووە" ئاراس محەمەد ئاغا  وادەڵێت.

لێپرسراوی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی دەشڵێت: "پارێزگاری نەینەوا لەلایەن پارتییەوە كۆنتۆڵكراوەو بێپرسی ئەوان ناتوانێت موختارێك دابنێت، وەك پێویست بە ئەركەكانی خۆی هەڵناسێت و بەیەك چاو سەیریان بكات و وەڵامیانبداتەوە، لەبری ئەوەی باڵانسی لایەن و پێكهاتەكان رابگرێت بووەتە لایەنگری ململانێكان، جگە لەو گەندەڵییە فراوان و بەهەدەردانی پارە لەژێر دەسەڵاتی پارێزگاری نەینەوا دەبینرێت، بێگومان ئەوەش لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە".

"پارێزگاری نەینەوا بەهاندانی حزبی پێكەوەژیان لە موسڵ دەخاتە مەترسییەوە بۆیە دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە بكات و رێ لە تاكڕ‌ەوی و بێبەشكردنی لایەنەكانی دیكە بگرێت" ئاراس محەمەد ئاغا وادەڵێت.

وتیشی: "ئەو كێشەیەی ئێستا باشیكی گرتووەتەوە لە داهاتوودا و لە كاتی خانەنشینبوونی قائیمقام و بەڕ‌ێوەبەری ناحیەكاندا ناحیە و قەزاكانی دیكەی پارێزگا دەگرێتەوە، چونكە چەندین ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان نەكراوە، بۆیە گەر لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بە رێككەوتن لەنێوان پێكهاتەكانی موسڵ وەك: مەسیحی، كاكەیی، شەبەك، توركمان، عەرەب، كورد چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە نەدۆزرێتەوە ئەوا رەوشەكە بەرەو خراپتر دەڕ‌وات".

لێپرسراوی مەڵبەندی موسڵی یەكێتی وتیشی: "پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت زۆرینەی دەنگەكانی دەشتی نەینەوامان بەدەستهێناوە، بەڵام بەپێچەوانەوە پارتی دەنگی كەمی بەدەستهێناوە و كەمینەیە، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوو كورسی لە سنووری دەشتی نەینەوا كە سێ قائیمقامییەت و نۆ بەڕ‌ێوەبەری ناحیەی هەیە بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا یەكێتی هیچ پۆستێكی لەوەی ئیستحقاقی خۆیەتی وەرنەگرتووە ئەگەر بە وتەی پارتی بێت و وەرگرتنی پۆست لە پارێزگاكە بە دەنگ بێت ئەوا دەبوو یەكێتی قائیمقامێك یان دوو بەڕ‌ێوەبەری ناحیەی وەربگرتایە، بۆیە روونەپارتی كوردایەتی ناكات حزبایەتی دەكات".






ڕیکلام