سەدان دەروێش بە شمشێر و چەقۆ و خەنجەر پەلاماری دەروازەی باشماخیاندا

  2020-07-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەدان دەروێشی شێخ محەمەد کەسنەزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شمشێر و چەقۆ و خەنجەر پەلاماری دەروازەی باشماخیاندا و دوای کردنەوەی بەپێ بەڕێکەوتن بەرەو سلێمانی

ژمارەیەكی زۆر دەروێشی شێخ محەمەد كەسنەزانی بە شمشێر و چەقۆ و خەنجەر پەلاماری دەروازەی باشماخیاندا و دوای كردنەوەی بەپێ بەرەو سلێمانی بەڕێكەوتن و بەڕێوەبەری دەروازەكەش دەڵێت لە دیوی ئێران چوار كەسیان لی كوژراوە.  
بەهۆی ڕێوشوێنەكانی كۆرۆناوە، هێزەكانی ئاسایشی هەوڵیانداوە ڕێگری لە هاتنەناوەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵام دەروێشەكان پەلاماری دەروازەكەیاندا و بەزۆر كردیانەوە و بەپێ بەڕێكەوتن بەرەو سلێمانی.
لەو بارەیەوە لیوا مەریوان كەمال بەڕێوەبەری گشتی دەروازی نێودەوڵەتی باشماخ بە (درەو)ی راگەیاند، دەروێشەكان لە دیوی دەروازی باشماخ لەناو خاكی ئێران رێگرییان لێكراوە، پێكدادان لەنێوان سەربازانی ئێرانی ‌و دەروێشەكان رویداوە ‌و چوار دەروێش كوژراوە.
ناوبراو لەو لێدوانەیدا وتیشی: دوای ئەوەی سەربازانی ئێرانی تەقەیان لێكردوون، دەروێشەكان بە خەنجەرو شمشێر هێرشیان كردووە‌ و سەربازانی ئێرانی رایانكردووە.
دوای بڕینی سنور لە دیوی ئێران، دەروێشەكانی شێخ محەمەدی كەسنەزان هاتونەتە دەروازەی باشماخ‌ و لەوێش بەبێ پشكنینی كۆرۆنا ‌و گوێدان بە فەرمانە ئیدارییەكان پەڕیونەتەوە‌ و ئێستا لە پێنجوێنەوە بەرەو سلێمانی بەڕێكەوتوون.
شێخ محەمەد كەسنەزانی بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئەمریكا كۆچی دوایی كرد‌ و بڕیارە سبەی هەینی تەرمەكەی بگەڕێندرێتەوە بۆ كوردستان ‌و بەخاكبسپێردرێت، هەرچەندە بنەماڵەی ئەو شێخە رایانگەیاند پرسە بۆ شێخەكەیان دانانێن بەڵام دەروێشەكانیان لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بەڕێكەوتوون بەرە و سلێمانی. 




ڕیکلام