روسیا پشتیوانی گفتوگۆی ئیدارەی خۆسەری و حكومەتی سوریا دەكات

  2020-07-10  | 
دۆسیە:  هەرێمى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
روسیا بە فەرمی پشتیوانی خۆی لە گفتوگۆ و رێكەوتنی نێوان ئیدارەی خۆسەری و حكومەتی سوریا راگەیاند و دەڵێت دەبێت سوریەكان خۆیان بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن.

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پەیوەندیەكانی كورد و حكومەتی سوریا رایگەیاند، سوریا وڵاتێكە كە گروپی جیاوازی ڕەگەزی و ئایینی بە شێوەی ئاشتیخوازانە سەدان ساڵە پێكەوە ژیان دەكەن.
ناوبراو روونیكردەوە: بە دڵنیاییەوە دەڵێین كە دەبێ ئەو نەریتە مێژوویە بپارێزرێن و ئەو ڕەوتە وەك خۆی بەردەوام بێت. هەڵوێستی مسكۆ ئەوەیە كوردی سوریا بەشێك لە نەتەوەی سوریان. لە ئەو ڕوانگەوە، ڕووسیا، ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان كوردەكان و دیمەشق سەبارەت بە سیستەمی داهاتووی سووریا ئەنجام دەدرێت پشت ڕاستدەكاتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا وتیشی: سورییەكان دەبێ خۆیان چارەنوسی خۆیان دیاریبكەن بە شێوەیەك كە هەموو دانیشتووانی ئەو وڵاتە بە هەموو ڕەگەز و ئایینێكەوە هەست بكەن كە ئاسایشیان پارێزراوە. 
ئەوەش دوای ئەوە دێت كە لەدوای هێرشی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی سەری كانی و دەروبەری گفتوگۆ لە نێوان حكومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ رێكەوتن دەستی پێكردووە و تا ئێستاش هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتووەتەوە.