تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات بە وڵاتان لە روبەڕووبونەوەی كۆرۆنادا

  2020-07-10  | 
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستی جیهانی
فۆتۆ: AFP
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لە بەرەنگار بونەوەی كۆرۆنا و پێیوایە نەبوونی یەكگرتووی لە نێوان وڵاتانی جیهان هۆكارێكە بۆ كۆنتڕڵ نەبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند:  گەورەترین مەترسی كە ئێمە روبەڕووی دەبینەوە ڤایرۆسەكە نییە، بەڵكو نەبوونی سەركردایەتی و یەكڕیزییە لەسەر ئاستی جیهانی و نێوخۆی وڵاتان.
ناوبراو وتیشی: ئێمە ناتوانین بە جیهانێكی پەرتەوازە بەسەر ئەم پەتایەدا زاڵبین. ڤایرۆسی كۆرۆنا تاقیكردنەوەیەكە بۆ یەكڕیزی و سەركردایەتیی جیهانی. 
ئەدهانۆم راشیگەیاند: بە پەرتەوازەبوونی جیهان ڤایرۆسەكە خێراتر گەشەدەكات، بەڵام لەكاتی یەكگرتندا دەوەستێت. بۆچی دەبێت سەخت بێت بۆ مرۆڤ كە لە دژی دوژمنێكی هاوبەش یەكبگرن كە بەبێ جیاوازی خەڵك دەكوژێت.
ئەوەش دوای ئەوە هات كە رۆژی 7ی ئەم مانگە ئەمریكا كە بەهێزترین وڵات بوو لە پشتیوانیكردنی رێكخراوەكەدا كشانەوەی خۆی لە رێكخراوەكە راگەیاند تا ئێستا وردەكاریەكانی ئەو كشانەوەیەی ئەمریكا لەلایەن رێكخراوەكەوە ئاشكرانەكراوە.