گروپێكی ژنانی نزیك لە پەكەكە بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەكەی ساكاریا راگەیاند

  2020-07-10  | 
پاشماوەی ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقێندرایەوە
فۆتۆ: فرات نیوز
دۆسیە:  پەکەکە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گروپێكی نزیك لە پەكەكە بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی ناوچەی ساكاریای توركیا راگەیاند و دەڵێَت چوار سەرباز كوژراوە و 12 سەربازیش بریندار بوون.

بە پێی راگەیەندراوێك كە بەناوی (یەكینەی تۆڵەی هیزان گارزانی یەپەسە – ژن) تەقینەوەكەی ئەمڕۆی ناوچەی ساكاریای توركیا بۆ یادی شەهیدێك بووە كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019دا لە بۆردومانی فرۆكەكانی توركیا شەهید بووە. 
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوەكە تەقینەوەكە "لەدژی ئۆتۆمبێلێكی سەربازی چالاكی ئەنجامدراوە. لە ئەنجامدا 4 سەربازی توركیا كوژراون و 12 سەربازیش برینداربوون كە برینی 3 سەربازیان سەختە" و ئۆتۆمبێلەكەش بەتەواوەتی تێكشكێندراوە. 
لە راگەیەندراوەدا ئاماژە بە چەند هێرشێكی  وەك خۆیان دەڵێن دڕەندانەی توركیا بۆ سەر كورد لە ناوچە جیاوازەكانی باكوری كوردستان كراوە و دەشڵێت: دەوڵەتی تورك بە شەڕی تایبەتی میدیا هەواڵی درۆ بڵاودەكاتەوە. هەر چالاكیەك دەكرێت، وەك ئەوەی ڕووداویك بێت پیشان دەدرێت و دەشاردرێتەوە. ئەوەش نیشانەی لاوازی دەوڵەتی توركیایە.