ئەگەرەكانی بەردەم یانەكانی چامپیۆنز لیگ بۆ ئەمساڵ

  2020-07-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەگوێرەی ئەو تیروپشكەی دوێنێ بۆ یاریەكانی قۆناغی هەشت و پێش كۆتایی و یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا راكێشرا ئەركی یانەی پاریس سانجێرمان ئاسانە و هەریەكە لە ریاڵ و یوڤی و بەرشەلۆنە ئەركیان قورس دەبێت.

بەگوێرەی ئەو تیروپشكەی دوێنێ راكێشرا بۆ یاریەكانی چامپیۆنز لیگ لە قۆناغی هەشتی خولەكەدا هەریەكە لە لایبزینگ و ئەتلەنتیكۆ پێكەوە یاری دەكەن و ئەتلەنتا و پاریس انجێرمان پێكەوە یاری دەكەن براوەی ئەو دوو یاریە پێكەوە یاریەكی پێش كۆتایی ئەنجام دەدەن. 

هاكات ئەو یانانەی تا ئێستا یاری گەڕانەوەیان لە قۆناغی 16 ماوە هەریەكە لە یاریەكانی:

بایرن میونشن – چێڵسی (یاریگای بایرن میونشن) پێشتر (3-0) بۆ بایرن بوو
بەرشەلۆنە – ناپۆلی (یاریگای بەرشەلۆنە) پێشتر (بە یەك گۆڵ یەكسان بوون)
مانچستەر سیتی - ریال مەدرید (یاریگای مانچستەر سیتی) پێشتر (2-1) بۆ مان سیتی بوو
 یوڤانتۆس – لیۆن  (یاریگای یۆڤانتۆس) پێشتر (1-0) بۆ لیۆن بوو 

چارەنوسی بایرن و چێڵسی و ناپۆلی و بەرشەلۆنە 
بە گوێرەی ئەنجامەكانی باری چوون یانەی چێڵسی ئەگەری سەركەوتنی زۆر قورسە لەبەر ئەوەی پێویستە لە یاریگای بایرن میونشندا بە ئەنجامی زیاتر لە 3 گۆڵی بێ وەڵام براوە بێت، بۆیە بە شێوەیەكی ئاشكرا دیارە كە یانەی بایرن سەركەوتنی بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر كردووە و چاوەڕانی براوەی یاری نێوان بەرشەلۆنە و ناپۆلی دەكات. 

ئەگەر بەرشەلۆنە لە یاریگای خۆیدا بەبێ گۆڵ یەكسان بێت لە بەرامبەر ناپۆلی ئەوا سەردەكەوێت و بۆیە بە هەر نرخێك بووە گاتۆسۆی راهێنەری یانە ئیتاڵیەكە هەوڵدەدات گۆڵ تۆمار بكات بۆ ئەوەی هیوای زیاتر بۆ تیپەكەی بگێڕێتەوە چونكە بە یەكسان بوونیان بە دوو گۆڵ ناپۆلی سەركەوتن بەدەست دەهێنێت و روبەڕووی بایرن دەبێتەوە. 

مانچستەر سیتی و ریال مەدرید و یوڤانتۆس و لیۆن 
ئەركی ریاڵ مەدرید لەم گروپەدا قورسترینە لەبەر ئەوەی لە یاری چوندا لەناو جەماوەری خۆیدا بە ئەنجامی دوو گۆڵ بە رامبەر بە گۆڵێك شكستی هێنا بۆیە لە یاری گەڕانەوەیدا پێویستە بە هەر نرخێك بووە زیاتر لە گۆڵێَك لەناو یاریگای مانچستەر سیتی تۆمار بكات ئەگەر بە ئەنجامی یەك گۆڵی بێ بەرامبەر براوە بێت سەركەوتنی بۆ قۆناغی داهاتوو لەدەستد دەدات، سەركەوتووی نێوان ئەم یاریە رووبەڕوی یانەكانی یوڤی و لیۆن دەبێتەوە. 
لە یاری چوندا یۆڤانتۆس بە ئەنجامی گۆڵێكی بێ وەڵام شكستی هێنا، بەڵام لە یاری گەڕانەوەیدا پێچەوانەی ریاڵ مەدریدە و پێویستە لە یاریگای خۆیدا دوو گۆڵ تۆمار بكات بۆ ئەوەی سەركەوتن مسۆگەر بكات، بەڵام ئەگەر لیۆن تەنها گۆڵێك لە یاریگای یوڤی تۆمار بكات ئەركی رۆناڵۆ و هاورێكانی قورستر دەكات. براوەی ئەم  دوو یاریە بە ئەگەرێكی زۆر هەریەكە لە مان سیتی و یوڤی دەبن و لە یاری دواتردا رووبەڕوی براوەی نێوان بەرشەلۆنە و  بایرن دەبنەوە. 

جگە لەو چوار یاریەی ماوە سەرجەم یاریەكانی دیكە بە یەك یاری دەبێت و هیچ یانەیەكیش لە یاریگای خۆیدا یاری ناكات سەرجەم یاریەكان لە پرتوگال ئەنجام دەدرێن لە یاریگای یانەكانی لیشبۆنە و بەنفیكا. 
لە رۆژانی 7و8ی مانگی ئاب لەو یاریگایانەی كە بریارە یاری گەڕانەوەیان تێدا ئەنجام بدرێت یاریەكان بە بێ جەماوەر بەڕێوە دەچن و دواتریش یاریەكانی قۆناغەكانی 8 و 4 و یاری كۆتایی بكرێت. 
یاریەكانی قۆناغی هەشت لە رۆژانی 12 تا 15ی ئەو مانگە ئەنجام بدرێت و یارییەكانی قۆناغی پێش كۆتایی لە رۆژانی 18 و 19ـی هەمان مانگ بەڕێوەدەچن، یاری كۆتایی رۆژی 23ـی ئاب لە یاریگای بەنفیكا ئەنجام دەدرێت.

10 گۆڵكاری خولەكە
لیڤاندۆڤسكی 11 گۆڵ 
هالاند 10 گۆڵ
گنابری 6 گۆڵ 
درێز مارتینیز 6 گۆڵ 
هاری كەین 6 گۆڵ 
مباپێ 5
جیسوس 5 گۆڵ
ستەرلینگ 5 گۆڵ
سۆن 5 گۆڵ 
دیپای 5 گۆڵ