یاریدەدەرێكی ئەبوبەكر بەغدادی دەستگیركرا

  2020-07-11  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
هەواڵگری فیرقەی تایبەتی سەر بەلیوای 61 لەپارێزگای كەركوك یاریدەدەرێكی ئەبوبەكر بەغدادی لەباشوری كەركوك دەستگیركرا و ژمارەیە چەكداری حەشدی شەعبیش كوژران و بریندار بوون.

عەقیل كینانی لێپرسراوی ڕاگەیاندنی لیوای 61 سەر بەئەنجومەنی وەزیران بە(تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند، لەبۆسەیەكی هێزەكانیان لەناوچەی كەیوان لەباشوری شارەكە توانیویانە  فەرحان خزەیر جاسم یاریدەدەری پێشووی ئەبوبەكر بەغدادی دەستگیربكەن. 
لەلایەكی ترەوە لەئەنجامی هێرشێكی چەكدارانی داعش بۆ سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لەڕۆژئاوای كەركوك و لەسنوری قەزای دوبز چەكدارێكی حەشد برینداربوو، 
هێرشەكە كراوەتە سەر فەوجی دووی سەر بەلیوای 56ی هۆزی حەمدان كە هێزێكن وسەر بەحەشدی شەعبین، هاوكات بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەی هێزە هاوبەشە عێراقیەكان كە لەپارێزگای دیالە ئەمڕۆ دەستیان پێكردووە بۆمبێكی چێندراو بەهێزەكانی لیوای 16ی حەشدی شەعبیدا تەقیوەتەوەو ولەئەنجامدا 3 چەكداری حەشدی شەعبی گیانیان لەدەستدا.


ڕیکلام