دواى 7 ساڵ، دەست بە جێبەجێکردنى شەقامى 100 مەترى سلێمانى کرا

  2020-07-12  | 
یەکەم ئامێری بەکار هاتوو بۆ دروستکردنی شەقامی سەد مەتری سلێمانی
فۆتۆ: هۆشمەند فەلاح
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ یەكشەممە 2020/07/12 یەكەم رۆژی دەستپێكردنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانییە، ئەوەش دوای ئەوە دێت كە دوێنێ بۆ دووەم جار بەردی بناغەی شەقامەكە دانرا.

 لەمڕۆوە تا ماوەی سێ ساڵ دیاریكراوە بۆ تەواو بوونی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی (شاڕێی بابان) كە بە شەقامی سەد مەتری ناسراوە، لە قۆناغی یەكەمدا 32 كیلۆمەتری درێژی شەقامەكە جێبەجێ دەكرێت و كۆمپانیاكە وەك پێشەكی پڕۆژەكە هیچ پارەیەكی وەرنەگرتووە. 
فاخیر شێخ تەیب، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان رایگەیاند، بەبێ ئەوەی هیچ پێشەكییەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرین دەستمان بە دروستكردنی شەقامەكە كردووە. 
 بەگوێرەی وتەی شێخ فاخیرلە ماوەی جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە سێ بەشی پارەی تەرخانكراو دەدرێتە كۆمپانیاكە و بەێشكی پارە تەرخانكراوەكە دەمێنێتەوە بۆ دوای جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە و ئەو 100 ملیار دینارە بە چەند قیستێك دەدرێتە كۆمپانیاین جێبەجێكار. 
پڕۆژەكە دوو جار بەردی بناغەی دانراوە بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2013دا بەردی بناغەی بۆ دانرا كە لەو كاتەدا بەهرۆز قەشانی پارێزگاری سلێمانی بوو بڕیاربوو لەگەڵ سێ كۆمپانیای توركی ئەنجام بدرێت و شارەوانی سلێمانی راستەوخۆ سەرپەرشتی بكات، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی پێویستەوە پڕۆژەكە شكستی هێناو بۆ جاری دووەم لەلایەن كۆمپانیای قەیوانەوە وەرگیرا و لە سەرەتای مانگی شوباتەوە سەرۆكی حكومەت بڕیاریدا پارەی بۆ تەرخان بكرێت. 
لە پڕۆژەكەدا 472 كیلۆمەتری دووجا رووپۆش دەكرێت كە لەسەرەتای شەقامەكە بە 100 مەتر پانی دەست پێدەكات و لە بەشەكانی كۆتایدا لە هەندێك شوێندا دەبێتە 40 مەتری لە نێو پڕۆژەكەدا شەش ئاوبەری سندوقی تیادایە (ئاوەڕۆ). 
كۆمپانیای جێبەجێكار بەڵێنیداوە زۆرترین هەلیكاری پڕۆژەكە ناوخۆیی بێت و كەمترین خەڵكی بیانی بهێنێتە پڕۆژەكەوە، بە بڕیاری حكومەتیش ئەو هاوڵاتیانەی زەویان بەر شەقامەكە دەكەوێت قەرەبوو دەكرێنەوە بە زەوی دیكە. 
شارەوانی سلێمانیش راسپێردراوە كە چاودێری پڕۆژەكە بكات و لەو پڕۆژەیەدا هەشت یەكتربڕی گەورەی تێدایە و لەگەڵ پێنج پردی پەڕینەوە كە بۆ ئەو هاوڵاتیانە بەكار دەهێندرێت كە شوێنی نیشتەجێبوونیان دەكەوێتە نزیكی شەقامەكەوە. 
 


ڕیکلام