بەتۆمەتی سوكایەتیكردن بە سەرۆك كۆمار لێپرسراوێکی پێشووی عێراق دەستگیردەکرێت

  2020-07-12  | 
بەغدا
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە سەرۆك كۆمار، دادگایەكی عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتی پێشووی وەزارەتی كارەبا دەركرد.

فەرمانی دەستگیركردنەکە لە دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی ڤیدیۆیی ئەو  بەڕێوەبەرە دەرچووە، كە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق تۆمەتبار دەكات بە وەرگرتنی بەرتیل .

محەمەد زەیدی بەڕێوەبەری گشتی پێشووی  پرۆژەكانی وەزارەتی كارەبا، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار تۆمەتبار دەكات بە وەرگرتنی 70 ملیۆن دۆلار وەك بەرتیل لە كۆمپانیایەكی چینی، لە بەرامبەر ئیمزاكردنی گرێبەستی وێستگەیەكی كارەبا لە شاری كوت، هەروەها تۆمەتباریشی دەكات بە تێكدانی گرێبەستێكی دیكەش .

هەروەها زەیدی هەڕەشە لە سەرۆك كۆمار دەكات و داوای لێدەكات كە "قەبارەی خۆی بزانێت" و هەروەها بەرهەم ساڵح تۆمەتبار دەكات بەوەی هەرەشەی لێكردووە، سەرجەم ئەو وتانە لە تۆمارێكی ڤیدیۆیدا هەیە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەتەوە .

زەیدی سەرۆك كۆمار تۆمەتبار دەكات، بەوەی کە ئەو بڕە پارەی كاتێك وەرگرتووە كە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی بەدەستەوە بووە و چەندین قسەی نەشیازیشی ئاراستە دەكات .

بەرهەم ساڵح لە خولی یەكەمی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2009 پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی بەدەستەوە بووە .

لەسەر سوكایەتیكردن بە سەرۆك كۆمار فەرمانی دەستگیركردن بۆ لێپرسراوێكی پێشووی عێراق دەرچوو.

ئەمڕۆ سەرۆكایەتی كۆمار بڵاویكردەوە، داوایەكی لە دژی  محەمەد فەوزی زەیدی بەرزكردووەتەوە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەشی ڕەتكردووەتەوە كە ناوبراو ئاراستەی سەرۆك كۆماری كردووە .

بە گوێرەی مادەی 225 یاسای سزادانی عێراقی هەركەسێك سوكایەتی بە سەرۆك كۆمار بكات، سزا دەدرێت بە زیندانی هەتاهەتایی و دەستبەسەراگرتنی موڵك  و سامانە گوێزراو و نەگوێزراوەكانیشی.



ڕیکلام