بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەوڵەکانمان بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم کاری لەپێشینەی ئێمەیە

  2023-10-02  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازی لە دەیڤد بەرگر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق کرد.

لەدیدارەکەدا کە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم ئامادەبوو، دەیڤید بەرگر پیرۆزبایی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی یەکێتی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرکردایەتیی نوێ و سەرکەوتنی پێنجەمین کۆنگرەی حزبەکە کرد، دواتر دۆخی گشتیی وڵات و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان کرایەوە بەشێوەیەک کە مافی خەڵک و سەقامگیریی ناوچەکە پارێزراوبێت.

لەدرێژەی دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی هەوڵە ئەرێنییەکانی ئەمریکای کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، باشترین بژاردە بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، پابەندبوونە بە دەستوور و ئەو رێککەوتنانەی کراون، هەموو هەنگاوێکیش لەدەرەوەی ئەم ئیرادەیە، زیانگەیاندنە بە مافی خەڵک و بەرژەوەندییە گشتییەکان. 

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وتیشی، هەوڵەکانمان بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم کاری لەپێشینەی ئێمەیە و نابێت ئەم پرسە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان بکرێت.


ڕیکلام