وەزارەتی شارەوانی: بڕی دوو ترلیۆن دینار بۆ پرۆژەكانی ساڵی داهاتوو تەرخانكراوە

  2020-07-13  | 
بەشێک لە شەقامی 150 مەتری هەولێر کە کاری تیادا دەکرێت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی شارەوانی ئاماری پرۆژەكانی بڵاوكردەوە كە لە ساڵی رابردوو جێبەجێكراون و ئەو پڕۆژانەشی لە ئێستادا كاركردنیان تیایدا بەردەوامە و هاوكات ئاشكرای كرد 2 تریلۆن دینار تەرخان كراوە بۆ پڕۆژەكانی ساڵی داهاتوو.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە راپۆرتی كار و پڕۆژەكانی وەزارەتەكەی لەماوەی ساڵی رابردوو بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند، 488 پڕۆژەی جیاواز جێبەجێ كراوە و زیاتر لە 251 ملیار دینار، تێچووی پڕۆژە تەواو كراوەكان بووە.

بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەو پڕۆژانەی كاریان تێدا دەكرێت، بڕی 2 ترلیۆن دیناریان بۆ تەرخان كراوە. 

وەزارەتەكە روونیكردووەتەوە ئەو پڕۆژانەی كە گوژمەیان بۆ تەرخانكراوە، بەڵام دەست بەجێبەجێكردنیان نەكراوە زیاتر لە 800 ملیار دیناریان بۆ تەرخانكراوە. 

پرۆژە تەواوكراوەكان:

8 پڕۆژە لە سێكتەرەكانی شارەوانی و ئاو بە گوژمەی زیاتر لە 19 ملیار دینار.
تەواوكردن و جێبەجێكردنی بەشی دووهەمی پڕۆژەكانی سلێمانی و هەڵەبجە بە دانان و گۆڕینی تۆڕی ئاو.
جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە بە گوژمەی زیاتر لە 176 ملیۆن دۆلار لەلایەن ئاژانسی جایكای یابانی بەشێوەی قەرزی درێژخایەن.
جێبەجێكردن و تەواوكردنی 252 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 20 ملیار دینار لە سێكتەری شارەوانییەكان و لەسەر داهاتی فەرمانگەكان.

پڕِۆژە بەردەوامەكان: 

تەواوكردنی پڕۆژەی شەقامی 120 م خێرای نێوان رێگای سەرەكیی هەولێر و مووسڵ تا رێگای سەرەكیی هەولێر-كەركوك بە گوژمەی زیاتر لە 88 ملیۆن دۆلار.
قۆناغی یەكەمی پرۆژەی دروستكردنی شەقامی 150 م خێرای نێوان رێگای سەرەكیی هەولێر-بەحركە تا رێگای سەرەكیی هەولێر- كۆیە بە گوژمەی زیاتر لە 140 ملیۆن دۆلار.
دروستكردنی ئەندەرباسی فەرماندە و مزگەوتی ئیمام حمزە و قوتابخانەی سەفین لەسەر شەقامی بارزان و تەواوكردنی شەقامی كەمەربەند و پرۆژەی شەقامی خزمەتگوزاری بارزان بە گوژمەی نزیكی 69 ملیار دینار.
جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی بارزان و 51 گوندی دەوروبەری بە گوژمەی 130 ملیار دینار بەڕێژەی 31٪.
پڕۆژەی جێبەجێكردن و چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە كەسنەزان و دەوروبەری بە گوژمەی 10 ملیۆن دۆلار بە ڕێژەی 60٪.
جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی هەولێر (4) و چارەسەركردنی ئاوەڕۆی قورسی سلێمانی بە گوژمەی ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلار بە رێژەی 7٪ بەشێوەی قەرز.
جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە گوژمەی ٢٠ ملیۆن دۆلار بە رێژەی 60٪.
جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ بە گوژمەی 90 ملیار دینار بە ڕیژەی 59٪.
(28) گرێبەستی تایبەت بە كۆكردنەوە و گواستنەوە و خاوێنكردن لە شار و شارۆچكە و گوندەكان لە سنووری شارەوانییەكان بە گوژمەی مانگانە نزیكی 12 ملیار دینار.
دروستكردنی پڕۆژەی گەشتیاری لە دەروازەی كەلار – سلێمانی بە گوژمەی ملیارێك و 500 ملیۆن دینار.
جێبەجێكردنی 5 پڕۆژەی ئاو بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار كە بە رێژەی 7٪ جێبەجێ كراوە.

ئەو پڕۆژانەی دەخرێنە جێبەجێكردنەوە: 

تەرخانكردنی 400 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی بەشێك لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی وەكو قۆناغی یەكەم.
تەرخانكردنی زیاتر لە 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی 155 پڕۆژە و پێداویستی لە بواری ئاو و ئاوەرۆ.
تەرخانكردنی زیاتر لە 9 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی 104 پرۆژەی بچووك و مامناوەند لە سێكتەری شارەوانی.
دابینكردنی زیاتر لە10 ملیار دینار بۆ كڕینی مەوادی پاككەرەوە بۆ پڕۆژەكانی ئاو وە هەروەها دابەشكردنی ئاو بە پرۆسەی تەنكەرین.
تەرخانكردنی زیاتر لە یەك ملیار دینار بۆ بەكرێگرتنی تەنكەر بۆ ئاوەدانی پارك و باخچە و بلوارەكان لە هەولێر و سلێمانی.
تەواوكردنی قۆناغەكانی دیزاین بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی چارەسەركردنی ئاوەڕۆی قورس لە شاری هەولێر (قۆناغی یەكەم) بە بڕی 300 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دەستیشانكردنی كۆمپانیای راوێژكار.
پرۆژەی دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ پڕۆژەكانی ئاو لە پارێزگای هەولێر و راكێشانی هێڵی سەرەكی و ئاوەڕۆی لوولەیی و دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ پرۆژەكانی ئاوی سلێمانی و هەڵەبجە بە گوژمەی 9 ملیۆن دۆلار.


ڕیکلام