مان سیتی دادگاییەكەی بردەوە و داهاتووی لەگەڵ چامپیۆنز لیگ روونبوویەوە

  2020-07-13  | 
دۆسیە:  وەرزش
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای نزیكەی شەش مانگ لە ئەگەری دوور خستنەوەی یانەی مانچستەر سیتی رایگەیاند بڕیاری دوورخستنەوەیان لە دوو وەرزی داهاتووی چامپیۆنس لیگ هەڵوەشێندراوەتەوە.

لە رۆژی 17ی  شوباتی ئەمساڵ یانەی مانچستەر سیتی لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپاوە بڕیاریی سزادان و دوورخستنەوەی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بۆ دوو وەرز بەسەردا سەپێندرا ئەوەش مەترسی لەسەر یانەكە دروستكرد و هەر زوو دەستیكرد ئامادەكاری یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە چونكە دەبوو لە ماوەی 10 رۆژدا لە دادگای كاس كە دادگای تایبەتی وەرزشیە داوای پێداچونەوە بكات. 

بڕیارەكەی ئەوكاتەی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا بەهۆی ئەوە بوو ، هاككەرێكی پرتوگالی كۆمەڵێك بەڵگەنامەی دابوویە گۆڤاری دیرشبێگڵی ئەڵمانی و تیایدا دەیسەلماند ئەو یانەیە یاساكانی یاری خاوێنی پێشێلكردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێ ئەوروپاش لە گەڵ ئەو بەڵگەنامانەدا لێكۆڵینەوەی كرد و بەو هۆیەوە بڕیاری سزادانی یانەكەیدا. 

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی لەو كاتەدا گۆڤارە ئەڵمانیەكە لە ڕێی هاككەرەكەوە دەستی كەوتبوو یانەكە گرێبەستی لەگلەَ یاریزانی منداڵدا كردووە كە تەمەنی یاسایی بۆ گرێبەست نەبووە. 

یانە ئینگلیزییەكە تانەی لە بڕیارەكەدا، بەڵام بەهۆی كۆرۆناوە دادگای كاس كۆبوونەوەكانی دواخست، تا مانگی رابردوو سێ رۆژ لەسەریەك بەشێوەی ئۆنلاین كۆبوونەوەی ئەنجامدا. 

لە دادگاییەكەدا سێ پارێزەر بەشداریان كرد كە یەكێكیان بۆ یانەكە كاری دەكرد و  یەكێكیان سەر بە یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا بوو، ئەوەی دیكەشیان سەر بە دادگاكە خۆی بوو. 

بەڵگەنامە بڵاوكراوەكان مەلەفی زۆر یانە و یاریزانی هەڵدابۆیەوە بەڵام كاتێك دادگایی ئەویانەیە دەستی پێكرد هاككەرەكە لە هەنگاریا دەستگیر كرابوو و رەوانەی پرتوگال كرابوویەوە.

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا بەیاننامەیەكی دەركردووە و تیایدا دەڵێت: رێزی بڕیاری دادگای وەرزشی دەگرین و هیچ قسەیەك لەسەر بابەتەكە ناكەین. 

هاوكات یانەی مانچستەر سیتی لە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە رایگەیاند: لەكاتێكدا كە یانەی مانچستەر سیتی و راوێژكارە یاساییەكانی بەدواداچوونیان بۆ تەواوی بڕیاری دادگای كاس نەكردووە، یانەكە پێشوازی لە بڕیارەكە دەكات وەك دەستكەوتێكی یانەكە دەیبینێت، یانەكە سوپاسی ئەندامانی تیمی یاسایی دەكات بۆ ئەو هەوڵەی بۆ لابردنی سزای سەر یانەكەدایان.

بڕیارەكەی دادگا جگە لە راگرتنی سزای بەشداری نەكردنی یانەكە بۆ یاریەكانی چامپیۆنز لیگ بڕیاریدا ئەو بڕە پارەیەی وەك سزا بەسەر مان سیتی سەپێندرابوو بكرێتە 10 ملیۆن یۆرۆ لە كاتێكدا پێشتر 30 ملیۆن یۆرۆ بوو. 

ئەگەر سزای یانەكە بسەلمێندرایە ئەگەری رۆشتنی بەشێكی ۆزر لە یاریزانەكانی ئێٍستای یانەكە و راهێنەرەكەشی هەبوو ئەگەرچی راهێنەرەكەی لەگەڵ راگەیاندنی سزاكەدا رایگەیاند ئەو لە یانەكە دەمێنێتەوە یان ئەوەی یانەكە خۆیان دووری بخەنەوە. 


ڕیکلام